سەڵاحەدین دەمیرتاش خەڵاتی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی پێبەخشرا

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان - نیگار عومەر 

ئەمڕۆ لەشاری کەلار بەسێ چالاکی جیاواز شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی کاوە گەرمیانی کرایەوە تێیدا خەڵاتی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بەخشرایە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە.

دڵشاد ئەنوەر، یەکێک لەسەرپەرشتارانی چالاکیەکان، بەخەندان-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە قەزای کەلار شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بەڕێوەچو، چالاکی یەکەم كاتژمێر 10ی بەیانی سەردانی گوڕی شەهید کاوە گەرمیانی کرا، چالاکی دوەم  خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەخشرا بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە ئەم خەڵاتە ساڵانە دەبەخشرێته ئەو کەسانەی کە کار بۆ ئازادی و بەرگری لە مافی خەڵك دەکەن، چالاکی سێیەم وەستانە لەو کات شوێنەی کە کاوە تێدا شەهید کرا"

وتیشی، "ئامانج لەم یادکردنەوە ئەوەیە دەمانەوێ بەهەموانی بڵێین کە ئەگەر کەیسی کاوە لەدادگا داخراوە، بەڵام لەلای ئێمە بەکراوەیی ماوەتەوە  لەو کەسانە خۆش نابین كە دەستیان لە تیرۆرکردنی کاوەدا هەیە"

هاوکات موزەیەن گیونیش، نوێنەری  هەدەپە کە بەنوێنەرایەتی پارتەکەی خەڵاتەكەی وەرگرت، وتی"کاوە کەسێکی نیشتمان پەروەر بو، بۆ راستیەکان خۆی دەخستە مەترسیەوە، ئەوەش جێگەی رێز و پێزانینە"

هەر لەو مەراسیمەدا نامەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش خوێندرایەوە کە لە زیندانەوە بۆ مەراسیمەکەی نوسیبو، تێیدا سوپاسی ئامادەبوانی کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی کاوە گەرمیانی بە ناوبراو.

شیرین ئەمین ، هاوسەری کاوە گەرمیانی و ئەندام پەرلەمان  بەخەندان- ی ڕاگەیاند،"ئازادی ڕۆژنامەگەری لەکوردستاندا ژینگەیەکی نالەباری هەیە بۆ ڕۆژنامەنوسان بەو پێیەی کە شەهیدانی ڕێگای قەڵەم بۆ دەرخستنی ڕاستەکان  و ئاشكراكردنی مەلەفی گەندەڵی لە کاری ڕوژنامەنوسیدا  بەفیشەک وەڵامدەدرێنەوە، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەوڵ بو لەناوبردنی دەنگە ئازادەکان دەدات"

وتیشی، "لەپەرلەمان داوادەکەین کاربەیاسای ڕۆژنامەنوسی بکرێت و کار بکرێت بۆ جیبەجێکردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، هەرچەندە یاساکان هەن، بەڵام کاری پێ ناکرێت" بۆیە دەبێت پەرلەمان چاودێری جیبەجێکردنی یاساکانیش بکات"