توركیا: تاوه‌كو بەندەری بەیروت دەکەوێتەوە کار، بەندەری مێرسین لە خزمەتی لوبناندا دەبێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-08-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

یاردەدەری سەرکۆماری تورکیا فوئاد ئۆکتای هاوڕێ لەگەڵ وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغڵو و شاندێکی یاوەریان لە شاری بەیروت سەردانی کۆشکی بەعەبدا-یان کرد و لەلایەن سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون پێشوازییان لێکرا.

دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوو وڵات، فوئاد ئۆکتای روونکردنەوەی بۆ رۆژنامەنوسان دا و رایگەیاند: بۆ نیشاندانی پشتیوانی و پێکەوەیی تورکیا و لوبنان سەردانی بەیروت-مان کردووە.

ناوبراو ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە دوای تەقینەوەکە، تورکیا تیمێکی فریاگوزاری گەورەی رەوانەی لوبنان کردووە و تا ئێستاش تیمەکە لە بەندەری بەیروت بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕێت، هەروەها بە یارمەتی رێکخراوی تیکا، دەزگای ئافاد و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە تورکیا دوو نەخۆشخانەی گەڕۆک، تیمی تەندروستی و نزیکەی ٤٠٠ تۆن پێداویستی پزیشکی نێردراونەتە لوبنان.

فوئاد ئۆکتای ئەوەشی دووپاتکردەوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە ناردنی خۆراک و پێداویستی پزیشکی بۆ لوبنان و رایگەیاند: "تورکیا بە هەموو توانایەوە ئامادەیە بۆ بنیاتنانەوەی بەندەری بەیروت و بیناکانی دەوروبەری. تا کاتێک بەندەری بەیروت دەکەوێتەوە کار، بەندەری مێرسین لە کارە بازرگنییەکاندا هەم بۆ گومرگ و هەم بۆ عەمبار کردن لە خزمەتی لوبنان-دا دەبێت. هەروەها تەواوی نەخۆشخانە و فڕۆکە ئەمبوڵانسەکانی تورکیا لە خزمەتی لوبناندا دەبن".