کەرکووک.. لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون

دوا نوێکردنەوە: 2020-08-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لە کەرکووک لە ٢٤ کاتژمێری رابردووا سێ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون و لەشەش مانگی رابردووشدا ٣٦ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون و رێژەی خۆکوشتنی پیاوان لەئافرەتان زیاترە.

سەرۆکی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ سەجاد جومعە: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ژیانی ئەو هاووڵاتیانەی بژێویان لەسەر کاری ئازادە و لەبەرامبەر کارکردنیان کرێ وەردەگرن کە ئەمەیش دۆخی زۆرینەی خەڵکی کەرکووکە.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێ حاڵەتی خۆکوشتن لە کەرکووک تۆمار کراوە کە بە گوتەی شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ، "دۆخی خراپی ئابووری" کە بووەتە هۆی بێکاری و سەختبوونی ژیان و هەروەها تێكچوونی باری دەروونی خەڵک، هۆکاری سەرەکی ئەو دیاردەیەیە.

"کێشە خێزانییەکان و توندوتیژی خێزانی" و هەروەها "ئابووری و هەژاری" وەک یەکێک لە هۆکارەکانی خۆکوشتن لە پارێزگای کەرکووک هەژمار دەکرێن و بە پێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە کەرکووک، "لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ٣٦ کەس خۆیان کوشتووه".

درەنگانێکی شەوی رابردوو رێبوار کەریم تۆفێق-ی تەمەن ٣٢ ساڵان لە ژوورەکەی خۆی لەگەڕەکی پەنجا عەلی بە پەت خۆی هەڵدەواسێت و گیان لەدەست دەدات، هاوکات گەنجێکی دانیشتووی گەڕەکی ئیمام قاسم بەناوی عەلی عیرفان کە تەمەنی ١٨ ساڵانە، بەیانی ئەمڕۆ لەناو گەرماوی ماڵی خۆیاندا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردەدات و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. لە رووداوێکی دیکەدا گەنجێکی ١٤ساڵانە بەناوی ئیبراهیم جومعە کەدانیشتووی گوندی ئەلحلوە وەسەی ناحیەی زابی قەزای حەویجەیە، بەیانی ئەمڕۆ لەماڵەکەی خۆیدا بەپەت خۆی هەڵواسیووە.

دانا کەسێکی نزیکی رێبوار کەریم بەئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند کە، هەرچەندە لەکاتی رووداوەکەدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی رێبوار لەماڵەوە دەبن بەڵام پاش نزیکەی دە کاتژمێر دەچنە ژورەکەی و دەبینن دەرگای ژوورەکەی کلیلدراوە ئەوانیش دەرگاکە دەشکێنن و دەبینن رێبوار گیانی لەدەستداوە.

رێبوار کەریم خاوەن دووکان بووە لەبازاڕی کەرکووک و کەسوکاری دەڵێن ماوەیەکە دۆخی دەروونی خراپە و هەست بەجیاوازی مامەڵەکردنی دەکرا بەڵام هەرگیز بیرمان لەوە نەکردەوه کە خۆی بکوژێت.

بەرپرسی رێکخراوی هیوای عێراقی لە کەرکووک سروود ئەحمەد بەئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند حاڵەتەکانی خۆکوشتن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووه و هۆکارەیشی بۆ دۆخی ئابووری و بێکاری دەگەڕێتەوە و، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کەرەنتین و بێکاری هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە کەرکووک.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، "لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ٣٦ کەس خۆیان کوشتووه که ١٧ کەسیان لە رەگەزی مێینەن و ١٩ کەسیش لە رەگەزی نێرینەن کە بەشێوازی جۆراوجۆر خۆیان کوشتووە، لەساڵی ٢٠١٩ لەکەرکووک ١٠٦ حاڵەتەکانی خۆکوشتن تۆمار کراوە".

سەرۆکی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ سەجاد جومعە بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ژیانی ئەو هاووڵاتیانەی بژێویان لەسەر کاری ئازادە و لەبەرامبەر کارکردنیان کرێ وەردەگرن کە ئەمەیش دۆخی زۆرینەی خەڵکی کەرکووکە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوه کارەکانیان لەدەستداوە یا رێگایان پێنادرێت بچنە سەر کارەکانیان".

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کەرکووک زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە کە ئەوانیش کێشە خێزانییەکان و توندوتیژی خێزانی و هەروەها دۆخی ئابووری و هەژاری یەکێکی دیکەیە لەهۆکارەکانی خۆکوشتن لەو پارێزگایە.