هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، بە هۆی زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان و خواستی خەڵك بۆ كاڵا و كەلوپەل لە كۆمپانیاكان، كە خەریكە بگاتە 30 هەزار كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی، جووڵەی بازرگانی زیادی كردووە.
فەتحی مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، رۆژ بە رۆژ جموجۆڵی بازرگانی لە زیادبووندایە و رۆژانە كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی دێن خۆیان تۆمار دەكەن و ئێمەش هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەین، بۆ نموونە مانگی 12بەرامبەر بە مانگی 11جوڵەی بازرگانی 10%زیادی كردووە و ئەگەر بەم جۆرەش بەردەوام بێت، زیاتریش دەبێت".
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی گوتیشی: "هۆكاری زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە خواستی خەڵك بۆ كاڵا و كەلوپەل لە كۆمپانیاكان زیادی كردووە، چونكە ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە 29هەزار و 400 كۆمپانیا لە هەرێم هەن، كە لەوانە چوار هەزار و 100 كۆمپانیا بیانین و ئەوانەی دیكەش ناوخۆیین".
دەشڵێ، رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نەبووە و بگرە زیادیش بووە.
بڵند ئیبراهیم