ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم لە ناوەندەكانی خوێندن بەڕێوە چوو، وەزیری پەروەردەش رایدەگەیەنێـت، تاقیكردنەوەكان بە شێوەیەكی باش بەڕێوە دەچن و ھەموو ئامادەكارییەكیان كردووە و زەمینە و كەشێكی لەباریان بۆ قوتابیان رەخساندووە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە چوون، ھاوكات ئەمڕۆ چەند ناوەندێكی خوێندنمان بەسەر كردەوە لە شاری ھەولێر و، لەگەڵ پارێزگاكانی تری ھەرێمی كوردستانیش لەسەر خەتین و تاقیكردنەوەكانیش بە شێوەیەكی باش بەڕێوە دەچن، جەختیش دەكاتەوە، ئامادەكارییەكی باش لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ ئەم مەبەستە كراوە.
ھاوكات وەزیری پەروەردە داوا لە قوتابیان دەكات، بە شێوەیەكی دروست وانەكانیان بخوێنن و لە كاتی خۆیان ئامادەی تاقیكردنەوەكانیان بن، ھەروەھا تووشی ھیچ جۆرە شڵەژانێكی دەروونی و فشار نەبن، ھەر قوتابییەكیش تووشی ئاستەنگێكی زانستی بوو لە وەرزی یەكەمدا، بواری ئەوەی ھەیە لە وەرزی كۆتاییدا ھەنگای باشتر بنێت و سەركەوتن بەدەست بێنێت.
لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، وەزیری پەروەردە زۆر سوپاسی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتیی قەزاكان و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەری قوتابخانەكان و تەواوی مامۆستایان دەكات، كە لە ئاستی پێویستدا ھەموو ئامادەكارییەكیان كردووە و زەمینە و كەشێكی لەباریان بۆ قوتابیان رەخساندووە.
ھەڵكەوت محەمەد