"چوار هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب هاتوون بۆ كه‌ركووك"

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

کەرکووک-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك زانیاری له‌سه‌ر ڕه‌وشی شاره‌كه‌ ده‌دات. به‌پێی ئامارێكیش كۆچكردنی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ كه‌ركووك مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر شاره‌كه‌ دروست كردووه‌.

عه‌مید ئیدریس ڕه‌فعه‌ت، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چوار هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقه‌وه‌ هاتوون بۆ كه‌ركووك و كارتی نیشتیمانییان بۆ ده‌ركراوه‌، ئه‌وانی دیكه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌وە هاتوونه‌ته‌وه‌ ژووره‌وه‌، كه‌ كاتی خۆی بۆیان نه‌بوو له‌ كه‌ركووك نیشته‌جێ بن، بۆیه‌ ئێستا هه‌تا دێت ژماره‌ی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ شاره‌كه‌ زیاتر ده‌بێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی كه‌ركووك ئه‌وەیشی خسته‌ ڕوو: "لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا، هه‌زار و ٦٦٨ ڕووداوی ئەمنی ڕوویان داوە كه‌ 332 كه‌س له‌ هاووڵاتیان و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوونه‌ته‌ قوربانی، جیا له‌وه‌ی جووڵه‌ی داعش به‌ چالاكانه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧شەوە ٢٥ ھەزار خێزانی عەرەب لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە هاورده‌ی کەرکووك كراون."

عه‌مید ئیدریس ڕه‌فعه‌ت ڕایشیگه‌یاند: "به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراوه، ‌ده‌بێ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌ شاره‌كه‌ هه‌یه،‌ نه‌مێنێت."

به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا دێت ژماره‌ی هاورده‌کردنی عه‌ره‌ب بۆ كه‌ركووك زیاتر ده‌بێت. له‌و بارەیە‌شه‌وه‌ كارئاسانییان بۆ ده‌كرێت و كارتی نیشتمانیان بۆ ده‌رده‌هێنرێت، به‌شێكی زۆری ئه‌و هاوردانه‌ش له‌ حه‌ویجه‌ و شاره‌كانی دیكه‌وه‌ ده‌هێنرێن.

کارزان هەورامی