ڕاپەڕین.. چالاکوانانی ژینگە لە نێو بەفردا خۆراک بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان دادەنێن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


بەهۆی ئەو شەپۆڵی بەفربارینەی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، و بۆ مانەوەی باڵندەکان،ژینگە دۆستان هەڵمەتێکیان بۆ دانانی خۆراک و دانەوێڵە بۆ باڵندەکان لە نێو بەفردا دەستپێکردووە.


سەلیم میراودەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی ئیدارەی ڕاپەڕین بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی ژینگەپارێزان ئەوەیە باڵندە کێویی و ئاژەڵەکان بپارێزن، چونکە کوردستان بە ژینگە و ئاژەڵ و باڵندە کێویەکانەوە جوانە و سیمایەکی جوانمان پێ دەبەخشێ، ئێمەش ستافی ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و بارینی بەفر، ژینگە پارێزان بە گشتی و گروپە شاخەوانەکان و ئاژەڵ دۆستەکان ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئەو گیانلەبەرانە تەندروستیان سەلامەت بێت پێویستیان بە خۆراک و دانەوێڵەیە و پێویستە لەم هەڵمەتەدا هاوکارمان بن".


گوتیشی: "لەم هەڵمەتەدا هەڵساین بە دانانی خۆراک و دانەوێڵە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکەماندا و بەشێکی زۆری ژینگەپارێزانیش لەم هەڵمەتەدا هاوکارمانن و بەردەوامیش دەبین تاوەکو زیاتر هانی هاووڵاتیان بدەین ببن بە دۆستی ژینگە و ژینگە بپارێزن".