خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی لە خانەقین گوتی، ئەمنیەتی سنووری خانەقین بە تەواوی تێك چووە و ئێستا خەریكە ناوچەكانی دیكەی كوردستان لە سنووری كفری دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی بە رۆژ حەشدن و بە شەو داعشن.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ئێستادا لە خەتی گوڵەجۆ بۆ كەلار و كفری و خەتی گوڵەجۆ بۆ جەلەولا، بۆشاییەكی گەورە هەیە و پێویستە بەهێزی پێشمەرگە پڕ بكرێتەوە، چونكە باخێكی زۆری لێیە، هەر بۆیە تەقەیان لە جێگری بەڕێوەبەری ئاسایش كرد كە كوڕە ئەنفال بوو لەگەڵ سێ ئاسایشی دیكە شەهید كران، چونكە لە ئێستادا نەك لە خانەقین ئەمنیەت نەماوە، بەڵكوو خەریكە ئەمنیەتی كەلار و كفریش تێك دەچێت.
شێخ مستەفا گوتیشی: "خەڵكی گوندەكان هاتنە لامان و داوا دەكەن بیانپارێزین، چونكە حەشدی شەعبی بە شەو داعش و بە رۆژ حەشدن، بۆیە ئەمنیەت بە تەواوی تێك چووە، بە تایبەت لە ناوچە كوردییەكان".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "رۆژ بەرۆژ گوندەكانی سنووری خانەقین چۆڵ دەكرێن و تاوەكو ئێستا 40گوندی كوردی چۆڵ كراون و عەرەبەكان دەزانن خەریكە حكوومەت تێكدەچێت، دەستیان كردووەتەوە بە داگیركردنی زەویی كوردەكان، ئەوانیش هاواریان بۆ ئێمە هێناوە، بۆیە پێویستە رێگرییان لێ بكەین، ئەگەرنا ئەمنیەتی كەلاریش بە تەواوی تێك دەچێت".
دەشڵێ، بەڕێوەبەری تازەی پۆلیسی دیالەش ناتوانێ رێگری لە حەشدی شەعبی بكات و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەوانەوە نییە.
بڵند ئیبراهیم