ئەو دوو مووشەكەی لە دەوروبەری هەولێر و بەردەڕەش كەوتوونەتە خوارەوە، بێ زیان بوون

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو مووشەكەی شەوی ڕابردوو كەوتووەتە خوارەوە، 5 كیلۆمەتر لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە دوورە و هیچ زیانی ماددی و گیانیی نەبووە. سەرچاوەیەكیش لە ئاسایشی بەردەڕەش دەڵێ، ئەو مووشەكەی لە نزیك بەردەڕەش كەوتە خوارەوە، زیانی گیانیی بەدواوە نەبووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەو مووشەكەی شەوی ڕابردوو كەوتووەتە خوارەوە، 5 كیلۆمەتر لە دووری هەولێر بووە و تەنها یەك مووشەكیش بووە.

تەڵعەت گوتیشی، بە هۆی كەوتنەخوارەوەی ئەو مووشەكەوە، هیچ زیانی گیانی و ماددیی نەبووە.

شەوی ڕابردوو بە هۆی كەوتنە خوارەوەی مووشەكێك لە سنووری هەولێر، خەڵكی هەولێر هەستی بە دەنگێكی گەورە كرد، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی و ماددیی بەدواوە نەبووە.

لە لایەكی دیكەشەوە، سەرچاوەیەك لە ئاسایشی قەزای بەردەڕەش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەو مووشەكەی لە نزیك بەردەڕەش كەوتە خوارەوە، زیانی گیانیی بەدواوە نەبووە و تەنها هەندێك زیانی ماددی هەبوون.

سەرچاوەكەی ئاسایش گوتی: "شەوی ڕابردوو مووشەكێك لە نێوان بەردەڕەش و كەمپی گەویلان كەوتە خوارەوە، كە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی بنكەكانی ئەمەریكا كرابوو و لەشەوی ڕابردووشە بە دوای مووشەكەكەدا دەگەڕێین، بەڵام بەم بەیانییە شوێنەكەیمان دۆزییەوە".

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، ئەو مووشەكە هیچ زیانێكی نەبووە و تەنها جامی هەندێك ماڵ و دوكان شكاون.

هاوكات قایمقامی قەزای بەردەڕەش، خەلیل مەحموود، ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند، تا ئێستا نازانرێت هۆكاری كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكە چییە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە، زیانی گیانییش نەبووە و تەنها جامی هەندێك ماڵ و دوكان بە هۆی دەنگی مووشەكەكەوە شكاون.

 

بڵند ئیبراهیم