سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد: گرینگە بگەڕێنەوە بۆ پڕۆژەی سەرۆک بارزانی

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-   سیاسه‌تمه‌دارێکی کورد باس له‌ دۆخی عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌کات و پێی وایه‌ دیار نییه‌ دۆخه‌که‌ به‌ره‌و کوێوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام مه‌رجیش نییه‌ بۆ کورد خراپ بێت.

د. دیندار دۆسکی، سیاسه‌تمه‌داری دێرینی کورد، له‌م بارەیە‌وه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سه‌رۆک بارزانی وه‌ک مه‌رجه‌عی کوردستانه‌ و که‌سایه‌تیی به‌هێزی هه‌یه‌ و هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌م ده‌رفه‌ته‌ی ناوچه‌که‌دا که‌ مه‌ترسیداره‌، ده‌بێ یه‌ک بگرن و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ن، تا بزانن چی بکه‌ن و سوود له‌ ئه‌زموونی سه‌رۆک بارزانی وه‌ربگرن بۆ داهاتوو."

گوتیشی: "دیار نییه‌ دۆخه‌که‌ به‌ره‌و کوێوه‌ هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام مه‌رجیش نییه‌ بۆ کورد خراپ بێت، چونکه‌ ململانێی ئێران و ئه‌مه‌ریکا کۆنه‌، ئێستا که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌بێ خۆمانی بۆ ئاماده‌ بکه‌ین، ئه‌وه‌ی گرنگه، ئەوەیە کە‌ سه‌ركردایه‌تیی كوردستان حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات و بێلایه‌ن بێت له‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییەدا."

ئه‌وەیشی خسته‌ ڕوو: "مه‌رج نییه‌ دۆخه‌که‌ بۆ کوردستان خراپ بێت، به‌ڵام ده‌بێ ڕێگا به‌ سه‌رۆک بارزانی بدرێت پرۆژه‌ی خۆی ته‌رح بکات و ڕۆڵی هه‌بێت له‌ ناوچه‌که‌دا، چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیش حساباتی بۆ ده‌کەن."

کارزان هەورامی