د. محەمەد خورشید: دەرچووانی کورد لە کەرکووک نیگەرانن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

کەرکووک-KDP.info- لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی کەمیی پشکی کورد لە دامەزراندن بڵاو کردەوە و بەرپرسی لقی پارتیش لە کەرکووک دەڵێ، کەمترین ڕێژەی دامەزراندن بەر دەرچوانی کورد کەوتووە.

دکتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ناوی پشکی کەرکووک بۆ دامەزراندن لە پەروەردەی کەرکووک ڕاگەیاندرا، بەداخەوە دەبینین ڕێژەی دامەزراندنی دەرچووانی کورد نابەرانبەرە، چونکە لە کۆی ٢٥٠٠ پشکی دامەزراندن، تەنیا ٥٠٠ کەسی کورد دامەزراون، ئەوەش دەکاتە ڕێژەی یەک لەسەر پێنج."

بەرپرسی لقی پارتی دەشڵێت: "ئەوەی لە پڕۆسەی دامەزراندن ڕووی دا، پێچەوانەی واقعی کەرکووکە، ھەمیشە کورد زۆرینەی پێکھاتەی کەرکووک بووە، تەنانەت بەپێی سەرژمێریش کورد زۆرینەیە، بەڵام لە دامەزراندن کەمترین ڕێژەی بەرکەوتووە."

دکتۆر محەمەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە ڕووی ناڕەزایی دەکەینە وەزارەتی پەروەردەی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، لە کەرکووک چارەسەری گرفتی دامەزراندن بکەن، کە بووەتە ھۆی دڵگرانیی دەرچووانی کورد لەو پارێزگایە."

قائید میرۆ