لە کەرکووک ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو کرایەوە کە دووەم ناوچەی پیشەسازییە لە کەرکووک و دەکەوێتە سەر رێگای ناحیەی تازە و لەسەر رووبەری ١١٦ دۆنم زەوی دروستکراوە.
لە مەراسیمێکدا بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگای کەرکووک، ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو کرایەوە کە دووەم ناوچەی پیشەسازییە لە کەرکووک و دەکەوێتە سەر رێگای ناحیەی تازە و لەسەر رووبەری ١١٦ دۆنم زەوی دروستکراوە.
پرۆژەکە لە سێ هەزار ٦٠٠ شوێنکار پێکھاتووە کە ئەوانیش کارگە و دووکانی فرۆشتنی کەرەستەی یەدەگ و دووکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و کۆگای تێدایە و شوێنی ھەموو ئەو شتانەی تیادایە تایبەتن بە پیشەسازی.
ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ دەستکرا بەدروستکردنی و دوای شەش ساڵ ئەمڕۆ بەفەرمی کرایەوە.
وەبەرھێنەری پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو، رەمەزان حاجی رەشید گوتی: "رایگەیاند پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو یەکێکە لەو پرۆژە سەرکەوتوو و گرنگانەی کەرکووک کە ناو شار پاک دەکاتەوە و پیسی ناوشار ناھێڵیێت، ئەو دووکاندارەیشی دێنە ئێرە دەبینن خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆیان بۆ دابین کراوە".
رمەزان حاجی رەشید راشیگەیاند کە نرخی دووکانەکانی نێو ناوچەی پیشەسازی زۆر گونجاوە بەراورد بەرەوشی ژیانی کاسبکاران و پیشەوەرانی شارەکە.
پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید جبوری لە میانی کردنەوەی پرۆژەی ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو رایگەیاند "پرۆژەکە گرنگی زۆری ھەیە بۆ کەرکووک و خزمەتگوزارییەکانی جێی دڵخۆشین".
راکان جبوری ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە ھەوڵ دەدەن ئەو ناوچە پیشەسازییە نافەرمییانەی گەڕەکەکانی شار بھێنینە ناو ئەم ناوچە پیشەسازییە.
دەشڵێت کە ھیچ پیشەوەرێک بەزۆرملێ ناھێنرێتە ئێرە و دەبێت بە رەزامەندی خۆیان بێن.
ھەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە ئیدارەی کەرکووک داوای لە دووکاندارانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی نێو گەڕەکەکان کردووە کە دووکانەکانیان داخەن و بچنە ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو، بەڵام ئەوان لە دژی ئەو بڕیارانە چەند جارێک خۆپشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە.
ئالان متحەد کە ماوەی ١٦ ساڵە دووکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی لەناو گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکووک ھەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئەو ئاماددە نییە بچێتە نێو ناوچەی پیشەسازیی چونکە نرخی دووکانەکانی گرانە و لە توانای ئەودا نییە بیکڕێت".
ئەو دەشڵێت "زۆربەی ئەوانەی بەشداربوون لە کڕینی دووکان و گەراج لە ناوچەی پیشەسازی پێشکەوتووی کەرکووک پیشەوەر و وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل نین بەڵکو خەڵکی تر دووکانەکانی کڕێوە کە ھیچ پەیوەندیەکی بەپیشەکەوە نییە و بۆ بازرگانیکردن کڕیوێتی".
ئازاد عەلی ھاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی شۆرجەی شاری کەرکووکە و ماڵی لەنێو دووکانەکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانە دەڵێت "ئەو دووکانانە بەتەواوی ماڵەکانی دەورووبەریان نیگەران کردووە و سیمایەکی ناشرینیشیان بە گەڕەکەکە داوە ئەمە جگە لە دەنگ و پیسی و پاشماوەی دووکاندارەکان".
چالاکوانێکی شاری کەرکووک، ئەدھەم جومعە لەسەر ناوچەی پیشەسازیی پێشکەوتوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "خزمەتگوزاریەکانی ناوچەکە زۆر خراپە و ھێشتا ئامادە نییە بۆ پیشەوەران و بێ بەشە لە سەرەتاترین خزمەتگوزاریەکان".
ئەو دەشڵێت "ئەو دووکانانەی ناوچەی پیشەسازی بەخەڵکانێک فرۆشراون کە پیشەوەر نین و ھیچ پەیوەندیەکیان بە پیشەکەوە نییە".