دیجیتال میدیای سپێده
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند، دوای ڕوداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر ڕێگای دوكان - ڕانیه كه بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدانی چوار ئه‌ندامی یه‌ك خێزان، هێزه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی به‌شی پۆلیسی دوكان لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكردو توانرا ناسنامه‌و كه‌سوكاری قوربانییه‌كان بدۆزرێنه‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له ڕاگه‌ییه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مرۆ 2020/8/28، لەسەر ڕێگای سەرەکی دوکان - ڕانیە ڕوداوێکی ھاتوچۆ لەجۆری پێکدادان لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل له‌جۆره‌كانی (تۆیۆتا - پرادۆ، تۆیۆتا - كرۆلا، بارهه‌ڵگر)دا ڕویدا‌و بووه هۆی سوتانی پرادۆكه، له‌ئه‌نجامی ڕوداوه‌كه‌دا چوار ئه‌ندامی یه‌ك خێزان گیانیانلەدەستدا کە سەرجەمیان لەناو ئۆتۆمبێله پرادۆكه‌دا بون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئوتۆمبێله‌كه‌و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی به‌ته‌واوی سوتان، نه‌توانرا ته‌رمه‌كان بناسرێنه‌وه، پاش ڕوداوه‌كه هێزه‌كانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - به‌شی پۆلیسی دوكان لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكردو توانرا كه‌سوكاری قوربانییه‌كان بدۆزرێنه‌وه، دواتر كوڕێكی ئه‌و خێزانه سه‌ردانی پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی كرد‌و پاش لێكۆڵینه‌وه‌و پشكنینه‌كان توانرا ناسنامه‌ی قوربانییه‌كان‌و كه‌سوكاریان بدۆزرێنه‌وه.
پۆلیسی سلیمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: قوربانییه‌كان پێكهاتون له‌ژن‌و پیاوێك‌و دو منداڵیان به‌ناوه‌كانی (س، ب، ح له‌دایكبوی 1972 شۆفێری ئوتۆمبێله‌كه، ل، ر، د له‌دایكبوی 1972 هاوسه‌ری پیاوه‌كه، ئـ، ب، ح له‌دایكبوی 2009 منداڵی شۆفێره‌كه، ر، ب، ح له‌دایكبوی 2011 منداڵی شۆفێره‌كه).
ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌و زانیارییه ده‌ستكه‌وتوه‌كانی پۆلیس، ئه‌و خێزانه دانیشتوی گه‌ڕه‌كی سه‌رچناری شاری سلێمانین، به‌ڵام به‌ناسنامه خه‌ڵكی قه‌زای شێخانن له‌سنوری شه‌نگال.