دانانی تەلەڤزیۆن لە دایەنگاکانی هەرێمی كوردستان قەدەخە دەکرێت

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-06 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئەمڕۆ ھەینی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا لەمەودوا دانانی تەلەڤزیۆن لەناو دایەنگاکاندا قەدەخە بكرێ.


وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەو نووسراوەدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری کار و لە بەرژەوەندی منداڵان، دانانی تەلەڤزیۆن لە دایەنگاکان قەدەخەیە، ئەوەش بە مەبەستی بە ئەنجام گەیاندنی کار و ڕۆڵی دایەنگەکان بە شێوازێکی ڕێکوپێک.


بە پێی نووسراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندیی منداڵانی ناو دایەنگەکان دەرکراوە کە پێویستە تەواوی دایەنگەکان پابەندی بن.