د. مەحموود عوسمان: ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدات کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕەوشی ئێستای عێراق و پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغداوە کۆ بووەوە.

دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان ساڵانێکە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق دەدات، کورد ھەمیشە لەگەڵ چارەسەری کێشەکان بووە تا کێشەکان زیاتر ئاڵۆزی بە خۆیانەوە نەبینن."

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتیشی: "ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دران، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو خۆی عێراقیشیان پەک خستووە، چونکە لە لایەک خۆپێشاندان ھەیە و لە لایەکی دیکەوە عێراقییەکان خەریکی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرێکی نوێن."

دکتۆر مەحموود عوسمان جەختی کردەوە: "عێراق بەرگەی ئەو ھەموو کێشانە ناگرێت، لەبەر ئەوەی خۆی کێشەی زۆری ھەیە و پێویستی بەوەیە چارەسەریان بۆ بکرێت، ئینجا ئاڵۆزیی نێوان ئەمەریکا و ئیرانیشی ھاتەسەر و زیاتر عێراقی بەرەو ڕەوشێکی ئاڵۆز برد، پێم وایە کورد و ھەرێمی کوردستان بەشێک دەبن لە چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەگەر ئەوانیش بیانەوێ کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێن، چونکە کورد لە عێراقدا پێکھاتەیەکی سەرەکییە و دەتوانێت لە کاتی پرسەکاندا ڕۆڵی خۆی ھەبێت."

قائید میرۆ