خانەقین -KDP.info- دووای هێرشەکانی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەکی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی ئامادەکاریی کشانەوە دەکەن و چەکە قورسەکانیان دەگوازنەوە.
ئەکبر حەیدەر، جێگری لێپرسراوی لقی ۱٥ی خانەقینی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حەشدی شەعبی لە خانەقین و دەوروبەری نەماون، بەڵام هەواڵی ئەوەش بڵاو بووەتەوە، کە فەرمانی کشانەوەیان لە سەرووی خۆیانەوە بۆ هاتووە".
حەیدەر گوتیشی: "لە هەنگاوی یەکەمیاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی تەواوی ئەو چەکە قورسانەی کە لە شەڕدا زیانیان بەرکەوتووە، چەند ڕۆژێکە دەستیان کردووە بە گوازستنەوەیان بۆ بارەگا سەرەکییەکانیان".
لەبارەی کردەوە تیرۆرستییەکانی پاشماوەی داعشەوە، ناوبراو گوتیشی: "دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری خانەقین و کوشتنی چەندین چەکداری تیرۆریست، ماوەی دوو هەفتەیە جووڵەی چەکداریی داعش نەماوە و لە ترسی بۆردوومانی هێزی هاوپەیمانان خۆیان حەشار داوە ".
عەزیز هەورامی