هەولێر-KDP.info- ڕۆژی شەممە 11ـی 1ـی 2020 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودوخی سیاسیی عێراق و پێشهات و گرژیییەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و سەرۆكوەزیرانی عێراق پێزانینی بۆ هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لەمەڕ ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق هەبوو و بە هەڵوێستی هاوسەنگ و بەرز لەقەڵەمی دا و جەختیشی لە هەماهەنگی و برایەتی و پەیوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە خوازیاری ئەوەیە كێشە و قەیرانەكانی عێراق چارەسەر ببن و لەگەڵ ئەوەدایە كە بۆ نەهێشتنی گرفتەكان، ڕێگەچارەی دوور لە موزایەدات و عەقڵانی و لە چوارچێوەی میكانیزمە دەستوورییەكان بگیرێتەبەر.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كەوتووەتە قۆناغێكی ئیجابی و نوێ و بەردەوامیی ئەو كەشە ئیجابییەی نێوان هەردوولا بە پێویست زانرا.
هەڕەشە و مەترسییەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا فازڵ میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نووری شاوێس و هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد و جەعفەر ئیمینكی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون.