چەند بەرپرسێك لەسەر كردنەوەی عەلوەیەك بانگھێشتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکرێن

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-06 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: عەلوەکە بە بەکارھێنانی ھێزی ئەمنی و لەژێر فشاردا کراوەتەوە


ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند عەلوەی نوێی کەلار لەلایەن چەند بەرپرسێکی دامودەزگا ئیدارییە جیاوازەکانی قەزای کەلارەوە، بە بەکارھێنانی ھێزی ئەمنی و لەژێر فشاردا کراوەتەوە، ئینجا کاسبکارانی عەلوەی کۆنی کەلاری بۆ گواستراوەتەوە، بەم هۆیەوە چەند بەرپرسێكی حکومی بانگھێشتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکرێن.


کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "پرۆژەی عەلوەی نوێی کەلار لەلایەن چەند بەرپرسێکی دامودەزگا ئیدارییە جیاوازەکانی قەزای کەلارەوە و بە بەکارھێنانی ھێزی ئەمنی کراوەتەوە و کاسبکارانی عەلوەی کۆنی کەلاری بۆ گواستراوەتەوە، بە شێوەیەکی نایاسایی گرێبەستیان بۆ کراوە، لە کاتێکدا پرۆژەکە تا ئێستە وەرنەگیراوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانە".


گوتیشی "ماوەی چەند مانگێکە بەوپەڕی توانامانەوە لە چوارچێوەی کاری ئەنجومەندا ھەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی پرۆژەی عەلوەی نوێی کەلار بە ڕێکاری یاسایی خۆی تەواو بکرێ و لەلایەن وەبەرھێنانەوە وەربگیرێ، دواتر کاسبکاران بە شێوازێکی یاسایی گرێبەستیان بۆ بکرێ و پرۆژەکەیان بۆ بکرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین نووسراومان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و سەردانی ئەو لایەنانەشمان کردووە کە پەیوەندیدارن بە بابەتەکەوە و ئاگادارمان کردوونەتەوە، تەنانەت دەستەی وەبەرھێنانیش بە نووسراوی ڕەسمی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی گەرمیان و لایەنە ئیدارییەکانی ناوچەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە تا پرۆژەکە ١٠٠% تەواو نەبێت نەکرێتەوە".


ئاماژەی بەوەش دا "ئەو کارەی کراوە پێشێلکاری یاسایە و لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە ھەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بگرینەبەر دژی ئەو کەس و لایەنانەی پێی ھەستاون".