موئەیەد تەییب: ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دهۆک-KDP.info- ھەرێمی کوردستان بەھۆی پێگە بەھێزەکەیەوە لە ڕابردوودا ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقدا ھەبووە و، شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێی وایە، سەردانی ئەمڕۆی شاندی باڵای بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدایە، تا ھەرێمی کوردستان بتوانێت بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی عێراق بێت.

موئەیەد تەییب، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناوچەکە بە کۆمەڵێک کێشەدا تێ دەپەڕێت و ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغداش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان ئیرادەیان ھەیە، چونکە عێراق زۆری کێشە ھەیە و بەرگەی ئاڵۆزی و کێشەی زیاتر ناگرێت، لەبەر ئەوەش، ھەرێم و بەغدا دەیانەوێ پێش بە کێشەکان بگرن و نەھێڵن لە عێراقدا گەورەتر ببن، چونکە بێت و کێشەکان چارەسەر نەکرێن، ھەروەک لە ڕابردوودا بینیمان، کێشەی دیکەشیان بەدوادا دێت."

ئەو شرۆڤەکارە گوتی: "عادل عەبدولمەھدی و حکوومەتی عێراق دەیانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکەنەوە و ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک، ئەویش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ھەردوولا."

تەییب ڕوونی کردەوە: "مەبەست لە سەردانی ئەمڕۆی شاندی باڵای عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی دیکەی ھەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی ڕابردووە لە نێوان ھەردوولادا. پێشتریش سەردانی ھەردوولا ھەبووە و تا ڕادەیەک گەشبینییەکیش ھەیە، لەبەر ئەوە، ھەردوو حکوومەت ئەو ھەنگاوانەی پێشتر دەخەنە واری جێبەجێکردنەوە."

موئەیەد تەییب جەختی کردەوە: "ناوچەکە ڕەوشێکی ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینیوە، باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق ئەوەیە سەرەتا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بگاتە ڕێککەوتن، چونکە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەروەیە بۆ عێراق و ڕۆڵی ھەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیش ھەرێم پێگەیەکی بەھێزی هەیە."

قائید میرۆ