" دوو نەخۆشخانە لە ھەولێر دروست دەکرێن"

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info- بڕیارە دوو نەخۆشخانەی گشتی لە سەنتەری شاری ھەولێر دروست بکرێن و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێریش دەڵێ، ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەو دوو نەخۆشخانەیە دەکرێت.

دکتۆر دلوڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندورستیی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون و منداڵان لە سەنتەری شاری ھەولێر دروست دەکرێت و بڕیارە ئەمساڵ لەسەر ئەرکی خێرخوازێک دەست بە پڕۆژەکە بکرێت، حکوومەتیش زەوی و دیزاینی نەخۆشخانەکە ئامادە دەکات."

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر گوتیشی: "جگە لەو نەخۆشخانەیە، بڕیارە نەخۆشخانەیەکی دیکەی دەروونی لە سەنتەری شاری ھەولێر دروست بکرێت، کە جگە لە نەخۆشخانەی دەروونی، سەنتەرێکی ڕاوێژکاریی گرنگیش دەبێت بۆ چارەسەکردن و، بەپێی ستانداردی جیھانی جێبەجێ دەکرێت، لە داھاتوودا بۆ ژمارەیەک نەخۆشی دیکە سوودی دەبیت."

دکتۆر دلوڤان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەھۆی نەبوونی بودجەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانیوە نەخۆشخانەی نوێ دروست بکات، بەڵام ئەگەر بودجە ھەبێت بەپێی پێویستییەکان نەخۆشخانەی گشتی زیاد دەکرێن."

قائید میرۆ