سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2020-09-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی کەمپی قادیا-ی ئاوارەکانی کرد لە پارێزگای دهۆک و لە دۆخی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکەی پرسی.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی کازمی بۆ کەمپی قادیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: "کازمی لە میانی سەردانەکەیدا چاوی بە چەند خێزانێکی ئاوارە کەوتووە و گوێی لە کێشە و داواکارییەکانیان کردووە".

لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەو دراوە کە کازمی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کەمپەکە، گوێی لە راپۆرتێکی تێرو تەسەل لەبارەی دۆخی ژیانی ئاوارەکان لە نێو کەمپەکەدا گرتووە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریی پێدوایستی ئاوارەکانی لە کەمپی قادیا و کەمپەکانی دیکە داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکوومەت رژدە لەسەر کارکردن بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و کەشێکی گونجاو لە وڵاتدا.