پڕۆژه‌یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكەره‌ عه‌قڵییه‌كان په‌سند كرا

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- له‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا، په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكەره‌ عەقڵییه‌كان و پڕۆژە‌بڕیاری ڕۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمانى په‌سند كرد.

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، یه‌كشه‌ممه‌‌ 12/1/2020، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماددەبوونی هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (13)ی ئاساییی خولی پاییزەی ‌ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.

سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ به ‌ئاماددەبوونی د. ڤاڵا فه‌رید ئیبراهیم، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه ‌چوو، د. ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به ‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان له‌ لایه‌ن مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانەوە به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌‌وه،‌ كه‌ له سێ خاڵ پێك هاتبوو: خاڵی یه‌كه‌م، بریتى بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژە‌یاسای (مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكەره‌ عەقڵییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91 ،92 ، 96 ، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق، خاڵی دووه‌میش، بریتی بوو له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری (ڕۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی ( 90، 91 ،92 ، 96 ، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، خاڵی سێیه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینیی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89، 92) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.

سکرتێری پەرلەمان هەروەها پوخته‌ی دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مان و ناوی ئاماددەنه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێمۆڵه‌تی خوێنده‌وه‌‌.

پاشان به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ى كار و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى تره‌وه‌ ڕاپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كان و ئه‌سڵی پڕۆژە‌یاساكه‌ خوێندرایه‌وه‌ و ناوونیشان و مادده‌ به‌ مادده‌ی پڕۆژە‌یاسای مادده ‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكەره‌ عەقڵییه‌كان له‌ هه‌رێم، كه‌ له‌ 10 به‌ش پێك هاتبوو، له‌گه‌ڵ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن و سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر ماددە و بڕگه‌كانى پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ دانیشتنی پێشوودا خرابوونه‌ ڕوو و، له‌ ڕاپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوون،  به ‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و له ‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ په‌سند كران.

دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشنیازی ڕاپۆرتی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى له‌سه‌ر خشته‌ی هاوپێچی پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و  هاوپێچی خشته‌كانیش بۆ پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاپۆرتی لیژنه‌كان به‌ 78 ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سند كرا.

دوای ته‌واوبوونی ده‌نگدان له‌سه‌ر ماددە و بڕگه‌كانی پڕۆژە‌یاساكه ‌و خشته‌ی هاوپێچ، له ‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ كۆی پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنیشییه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی 88 په‌رله‌مانتار په‌سند كرا.

جێی ئاماژه‌یه‌ مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ بە لەبەرچاوگرتنی پەسەندكردن و ئه‌ندامبوونى كۆماری عێراق لە چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بە ماددەى هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوە و بازرگانیكردنی ناڕەوا بە ماددە هۆشبەره‌كان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان و لەپێناو لەناوبردنی باندەكانی تاوانكاری، ئەوانەی هانی هاووڵاتییان ده‌ده‌ن بۆ بەكارهێنانی ئەم ماددانە كە هەڕەشەیەكی ترسناكە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و خۆشگوزرانییان و زیان دەگەیەنێت بە بنەماكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ڕەوشت لەناو كۆمەڵگەدا و بە مەبەستی پەیڕەوكردنی ڕیسای زانستییانە لە چارەسەركردنی ئەو كەسانەی ئالوودەی ماددە هۆشبەره‌كان و كارتێكەرە عەقڵییەكانن و بۆ پتەوكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتی لەم بوارە و بە مەبەستی ڕیگەنەدان بە چاندنی ماددە هۆشبەرەكان، یان ئەو ڕووەكانەی كارتێكەری عەقڵییان لێ دەردەهێنرێت، یان سنوورداركردنیان وەك ئافاتێكی مەترسیدار، كە هەڕەشە لە قەوارەی كۆمەڵگە دەكات و دانانی سزای پێشگر بۆ ئەو كەسانەی دەیانچێنن، یان بازرگانییان پێوە دەكەن.

دواتر خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار خرایه‌ ڕوو، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌بڕیاری ڕۆژانی بۆنه‌ فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی توركمان، له ‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ ڕاپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كان و ئه‌سڵی پڕۆژە‌بڕیاره‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌، سه‌ره‌تا ناوونیشانی پڕۆژە‌بریاره‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و وه‌كو خۆی به‌ 71 ده‌نگ په‌سند كرا. برگه‌ی یه‌كه‌می پڕۆژە‌بریاره‌كه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ دیاریكردنی ڕۆژه‌كان و له‌ دوو خاڵ پێك هاتبوو، وه‌كو خۆی به‌ 70 ده‌نگ په‌سند كرا، بڕگه‌كانی دووه‌م و سێیه‌م تایبه‌تبوون به‌ حوكمه‌ كۆتاییه‌كان و هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كران.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنیشى سێ پێشنیاز هه‌بوو، دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌ پڕۆژە‌بریاره‌كه‌دا به‌ 72 ده‌نگ په‌سند كرا. دواتر كۆی پڕۆژە‌بریاره‌كه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ 73 ده‌نگ په‌سند كرا.

به‌ر له‌ خستنه‌ڕووی خاڵی سێیه‌م و كۆتاییی به‌رنامه‌ی كار، كه‌ تایبه‌ت بوو به ‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌سارد و ڕایگه‌یاند: "سه‌عات 03:30 پاشنیوه‌ڕۆ دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌" .