ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info - چاودێرانی سیاسی وای بۆدەچن کە هەردوو ئەنجوومەنی تەڤدەم و ئەنەکەسە بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی بتوانن بەرگریی لە قەواری کورد لە رۆژئاوای کوردستان بکەن.
لە ئاداری ساڵی ٢٠١١ ترووسکاییی شەڕ سووریای گرتەوە، شارەزایانیش پێیان وایە، سووریا لەژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریدا بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی و گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتان ڕۆیشت.
شۆڕش، یان شەڕی ناوخۆیی؟
وا نزیکەی ٩ ساڵ تەواو دەبێت کە سووریا ڕۆژێک خۆشیی بە خۆیەوە نەدیوە، چەندین ملیۆن کەس وڵاتەکەیان بەجێ هێشتووە، بە هەزارانیش کوژراون و بریندارن و چارەنووسیان دیار نییە.
موسلیم محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (پەدەکەسێ) دەڵێ: "سەرەتا کە شەڕ لە سووریا هەڵگیرسا، هەموو پێوەرەکانی شۆڕش تێیدا بوو، کەچی دواتر ئاراستەکەی گۆڕدرا و بوو بە شەڕی نێوخۆیی و گرووپ گرووپ، چونکە ئەو پێوەرانەی لە سەرەتاوە شۆڕش هێنانییە گۆڕێ، دژی دەسەڵاتی ستەمکار بوون، دەسەڵاتیش چەندین جۆر سزای بەسەر خەڵکەکەدا سەپاند، لەوانە نەبوونی ئازادیی سیاسی و ڕادەبڕین، کە هەمووی ئەمانە ڕژێمی ئەسەدیان کردە دژی خەڵک، بۆیە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەوە بەرەو شەڕی ناوخۆیی ڕۆیشت."
ڕژێمی ئەسەد بەو خۆپێشاندان و گرژیانە دڵگران بوو، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی بووەوە.
ئێستا بە سەدان هێز و گرووپی جیاوازی سەر بە وڵاتان لە سووریا هەن و، هەر کەس و لایەنێک دەستی بەسەر ناوچەیەکدا گرتووە. ئێستا سووریا بووەتە گۆڕەپانی وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی، هەموو لایەکیش دەیانەوێت نفووزی خۆیان بەهێزتر بکەن.
شەڕی بە وەکالەت...
وڵاتان هاتوونە سەر خەت بۆ چارەکردنی ئاشتیانەی نێوان ڕژێم و خەڵک، بەڵام ڕژێم هەموو بژاردەکانی ڕەت کردنەوە، خەڵکیش بەوە نەوەستا، تا دۆخەکە لە دەستی هەردوولایان دەرکەوت، خەڵک وڵاتەکەیان بەجێ هێشت و گرووپە توندڕۆکان هاتنە نێو خاکی سووریا و سنوورەکان کرانەوە و داعش و دەیان ڕیکخراو چەندین شوینی ئەو وڵاتەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
باکوور و ڕۆژهەڵاتی فورات و ناوچە کوردنشینەکان بوونەتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسیی وڵاتان و شەڕی بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێت.
"جیۆسیاسیی سووریا بووەتە بەش بەش و گرووپەکانی سووریا لەنێو خاکی خۆیاندا شەڕی بەوەکالەتی وڵاتان بەڕێوە دەبەن، ئەمەش سیناریۆی عێراقە لە سووریا ڕوو دەدات." موسلم وا دەڵێ.
کوردەکان چیان دەست کەوت؟
ئێستا کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان قەوارەیەکی ژێر مەترسی و هەڕەشەیە، ناوبراو لەو بارەیەوە دەڵێ: "کورد لەژێر دەسەڵاتی سیاسەتی هەڵەی پەکەکەدا بێدەستکەوت ماوە، لە سیاسەتدا نەیانتوانی ئەو قەوارەیە بپارێزن."
ئەو زیاتر دەڵێت: "ئەگەر تەماشای ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو بوارەکانییەوە بکەین، دەبینین دەستکەوتی نەبوو، چونکە ئەگەر بە هەزاران خەڵک بە هۆی یەک حزبی تاکڕۆ، وڵاتیان جێ هێشتبیت، ئەوا سەرکەوتنی لە هیچدا نییە و نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ ڕەوشەکە بگونجێنێت."
ناکۆکیی هێزەکانی کورد...
محەمەد ئەوەیش ناشاریتەوە، کە لە هەموو ململانێیەکی سووریادا ناکۆکی و ململانێ کەوتە نێو هێزەکانی کوردیشەوە و کوردانیش نەیانتوانی ڕەوشی سووریا بۆ خۆیان بقۆزنەوە.
بۆیە بە رای چاودێرانی سیاسی گرینگە کە ئێستا تەڤدەم و ئەنەکەسە بگەنە رێککەوتنێک و بەیەکەوە پاریزگاریکردن لە قەوارەی کورد لە سووریا بکەن.
کاروان باعەدری