وتەبێژی حكومەتی هەرێم وەڵامی حەسەن نەسروڵا دەداتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-12 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری حزبوڵای لوبنانی دایەوە و رایگەیاند،"پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک  و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیتە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک."

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان، جوتیار عادل رایگەیاند،"پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک  و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیتە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک. تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێر زەویەکان خۆت حەشار داوە، کەچی ئیهانە و سوکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداری لێ دەکرێت."

وتەبێژی حكومەتی هەرێم راشیگەیاند،"ئەوە هێزی پێشمەرگە بو، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر. لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە سوپاسی هەمو کەسێکمان کردوە کە یارمەتی ئێمەیان داوە، بەڵام ئەو کەسەی کە گوایا نوێنەری ئێوە بوە و لە کاتی سەردانی بۆ لای بارزانی بەشدار بوە، دەبێت هەر هەمان کەس بێت لە گەڵ هاوچەشنەکانی خۆی، لە رۆژانی 16 و 20  و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئامانج و خەونی داگیرکردنی کوردستان بو،  بەڵام لە بەرامبەر خۆراگرى و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەدا، لەرزۆکانە و سەرشۆڕانە سەریان لە بەرد دا و خەونەکانیان لە گۆڕنرا."

دەشڵێت،"تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی، بۆ شەڕ بە نەتەوەیەک دەفرۆشی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە.  سەرۆک بارزانی رەمزی خۆڕاگری نەتەوەیەکە و تۆی ترسنۆک زۆر لەوە بچوکتری ئەو زماندرێژییە بکەی."