هەولێر-KDP.info- پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک. تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێرزەویەکان خۆت حەشار داوە، کەچی ئیهانە و سووکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداری لێ دەکرێت.
ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر. لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە سوپاسی هەموو کەسێکمان کردووە کە یارمەتی ئێمەیان داوە، بەڵام ئەو کەسەی کە گوایا نوێنەری ئێوە بووە و لە کاتی سەردانی بۆ لای سەرۆک بارزانی بەشدار بووە، دەبێت هەر هەمان کەس بێت لە گەڵ هاوچەشنەکانی خۆی، لە رۆژانی 16 و 20 و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئامانج و خەونی داگیرکردنی کوردستان بوو، بەڵام لە بەرامبەر خۆراگرى و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەدا، لەرزۆکانە و سەرشۆڕانە سەریان لە بەرد دا و خەونەکانیان لە گۆڕ نرا.
تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی، بۆ شەڕ بە نەتەوەیەک دەفرۆشی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. سەرۆک بارزانی رەمزی خۆڕاگری نەتەوەیەکە و تۆی ترسنۆک زۆر لەوە بچووکتری ئەو زماندرێژییە بکەی.
د.جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/1/12