هەولێر-KDP.info- سەعات 3:30ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەكشەمە 2020/1/12، بە سەرۆكایەتیی د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، بەشی دووەمی دانیشتنی ژمارە (13)ی ئاساییی خولی پاییزە لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.
بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لە خستنەڕووی خاڵی سێیەم بەرنامەی كار، كە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینیی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر) بەپێی حوكمی مادەكانی ( 87 ، 88 ،89 ، 92) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.
لەم خاڵەی بەرنامەی كار، هەریەكە لە وەزیرانی دارایی و وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە و وەزیری شەهیدان و وەزیرانی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەك لە بریكار و بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتە تایبەتمەندەكان ئامادە بوون و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانیشەوە بەخێرهاتنیان كرا.
پاشان سەرۆكی پەرلەمان خاڵەكەی بەرنامەی كاری خستە ڕوو، كە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینیی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر، لەلایەن لیژنەی یاسایی و لیژنە تایبەتمەندەكانەوە ئەسڵی پڕۆژەیاساكە و راپۆرتی هاوبەشی لیژنەكان خوێندرانەوە لە چوارچێوەی خوێندنەوەی ئەسڵی پڕۆژەیاساكە، لەسەر داوای سەرۆكایەتیی پەرلەمان لیژنەی یاسایی پێشنیازی هەمواری حكوومەت بۆ زیادكردنی ماددەیەك لە چوارچێوەی پڕۆژەیاساكە بۆ پەرلەمانتاران خوێندرایەوە.
دواتر سەرۆكی پەرلەمان پێشنیازی ئەوەی خستە ڕوو كە بەپێی حوكمەكانی پەیڕەوی ناوخۆ راپۆرتی هاوبەشی لیژنەی یاسایی و لیژنەی تایبەتمەندەكان بكرێتە بنەمای گفتوگۆكانی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساكە، ئەو پێشنیازەش بە دەنگی 97 پەرلەمانتار پەسند كرا، راپۆرتی هاوبەشی لیژنەی یاسایی و لیژنەی تایبەتمەندەكان لە ناوونیشان و 21 ماددە و هۆكارەكانی دەرچوواندن پێك هاتبوو.
هەر لە چوارچێوەی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساكە لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمان لیژنەی یاسایی و لیژنەی تایبەتمەندەكان بەپێی راپۆرتی هاوبەش ناوونیشان و ماددە و بڕگەكانی پڕۆژەیاساكەیان بۆ پەرلەمانتاران خستە ڕوو.
لەلایەن پەرلەمانتارانەوە چەندین تێبینی و پێشنیاز لەبارەی ماددەكانی یەكەم تا چوارەمی پڕۆژەیاساكە خرانەڕوو، هەروەها لەلایەن وەزیران و ستافی حكومەتەوە تێبینی و روونكردنەوەی پێویست لەبارەی ئەو مادەو برگانەی كە ڕوون نەبوون یاخود پێویستییان بە روونكردنەوەی زیاتر هەبوو پێشكەشی پەرلەمانتاران كرا.
هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆكاندا سەبارەت بە بەشی دووەمی پڕۆژەیاساكە كە ماددەی دووەمی تایبەت بوو بە ڕێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی كە پرسیار و تێبینیی زۆری لای پەرلەمانتاران دروست كردبوو، لەلایەن وەزیری شەهیدان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئەوە روون كرایەوە كە ناوەڕۆك و مەبەستی ماددەكە بە هیچ شێوەیەك مانای ئەوە ناگەینێت كە مووچە و ئیستحقاقاتی میراتگرانی ئەو چینە ببڕدرێت بەڵكوو تەنها مەبەست لێی رێكخستنەوەیە لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و هەروەها پەیوەندیی بە ئایندەشەوە هەیە نەك ئەوەی ئێستا.
هەروەها لەلایەن وەزیری دارایی و نوێنەرانی حكوومەتی هەرێمیشەوە لەبارەی مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت روونكردنەوەی پێویست پێشكەش كران و هەروەها پەرلەمانتاران جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە پێویستە مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەبێت پارێزراو بێت و هەروەك ژمارەیەك پەرلەمانتاریش داوایان كرد كە پێویستە مووچە و بەخشینی شایستە بە ژیانی ئەوان دابین بكرێت و ئەوەی كە ئێستا بۆیان دابین كراوە كەمە.
هەر لە درێژەی گفتوگۆكانی پڕۆژەیاساكە لە چوارچیوەی ماددەی چوارەم تایبەت بە بواری پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، هەردوو وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆی حكوومەتی هەرێم روونكردنەوەی پێویستیان لەبارەی ئەو ماددەیەوە خستە ڕوو، هەردوو وەزیر هاوڕا بوون لەسەر چاككردنی باروگوزەرانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ و رێكخستنەوەی ئەرك و مافەكانیان. لە بەشێكی روونكردنەوەكاندا وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: "وەكو وەزارەت ئێمە هەر بە چاكسازیی مووچە ناوەستین و چاكسازی لە هەیكەلیەت و ئیدارە و شێواز و كاری دەزگاكانیش دەكەین".
جێی ئاماژەیە، لە دانیشتنەكەی دوێنێدا لە خاڵی تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینیی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر ناوونیشان و چوار ماددەی پڕۆژەیاساكە گفتوگۆكردنیان تەواو بوو، ماددەی یەكەمی كە لە چوار بڕگە پێك هاتبوو، تایبەت بوو بە ئامانجەكانی یاساكە، ماددەی دووەمیش تایبەت بوو بە ڕێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی و لەحەفت بڕگە پێك هاتبوو، ماددەی سێیەمیش تایبەت بوو بە نەهێشتنی سوومەندبوون لە جارێك زیاتر لە بودجەی گشتی و لە چوار بڕگە پێك هاتبوو، ماددەی چوارەمیش تایبەت بوو بە بواری پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ و لە شەش بڕگە پێك هاتبوو.
دوای تەواوبوونی گفتوگۆكانی هەر چوار ماددەكە لە كۆی 21 مادەی پڕۆژەیاساكە، دانیشتنەكە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە كۆتایی پێهات و رایگەیاند: "سەعات 10:30 ڕۆژى 2020/1/13 دانیشتنی پەرلەمان دەست پێدەكاتەوە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساكە.