جێگری پارێزگاری نەینەوا: دۆخی خراپی ئەمنی شنگال رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان

دوا نوێکردنەوە: 2020-09-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەتایبەت شنگال، لەگەڵ جێگری پارێزگاری نەینەوا و قایمقامی شنگال کۆبوویەوە.

دوای کۆبوونەوەکە کە لەسەر داخوازی لیژنەکەی پەرلەمان رێکخرابوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وردەکاری کۆبوونەوەکە و دۆخی ئەو ناوچانەنەیان خستە روو.

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، جوان رۆژبەیانی رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا، باسمان لەو هەموو کێشە و گرفتانە کرد کە لە ناوچە کوردستانییەکان دەگوزەرێت، ئەو ناوچانەی سەربە پارێزگای نەینەوان، چەند روونکردنەوەیەکیان ئاراستەی لیژنەکەمان کرد و ئەو هەماهەنگییەی کە پێویستە لەنێوان لیژنەکەی ئێمە و ئەواندا هەبێت باسمان کرد".

دواتر جێگری پارێزگاری نەینەوا، سیروان رۆژبەیانی رایگەیاند "لەسەر داوای لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان هاتینە ئێرە و کۆبووینەوە لەگەڵیان، ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەبوو کە باس لە ناوچە کوردستانییەکان بکەین کە سەربە ئیدارەی نەینەوان یان دوو ئیدارەین سەربە دهۆک و مووسڵ یان هەولێر و مووسڵن، زیاتر ئێمە باسمان لە شنگال و دۆخی شنگال کرد، ئەو ناوچە کوردستانییانە هەموویان لە رووی خزمەتگوزاری دۆخیان زۆر باشە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە بە لای ئێمەوە زیاتر بابەتی شنگال بوو باسمان لەسەر کرد، ئەو دۆخەی ئێستا لە شنگال هەیە ئێمە وەک حکوومەتی خۆجێی هەردەم داوامان لە حکوومەتی ناوەند کردووە رەوشی ئەو ناوچەیە هێور بکرێتەوە، هیوادارین کازمی ئەو بەڵێنەی کە لەکاتی هاتنی بۆ دهۆک و بۆلای ئاوارەکان دای بیباتە سەر کە گوتی بەڵێن دەدەم ئارامی و ئاسایشی شنگال بگەڕێنمەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەمەوە زێدی خۆیان و سەنتەری شارەکە بدەینەوە بە خەڵکی شنگال خۆیان؛ و ئەو هێزە جیاجیایانەی لەناو شارەکەن دەربکرێن".

سیروان رۆژبەیانی گوتیشی: "ئێستا لەناو شنگال ئیدارەیەکی ناشەرعی هەیە و ئێمە وەک حکوومەتی خۆجێی مامەڵەی لەگەڵ ناکەین، لەبەر ئەوەی ئەو ئیدارەیە سەپێندراوە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی پێش شەڕی داعش دەکەین".

جێگری پارێزگاری نەینەوا، سیروان رۆژبەیانی راشیگەیاند "ئارامی و ئاسایشی شنگال جێگیر نییە، لەوێ ئێستا پەکەکەی لێیە و حەشدی شەعبی لێیە و چەند هێزێکی جیاجیای لێیە، خەڵکی شنگال کە ناگەڕێنەوە لەترسی ئەو ناسەقامگیرییە و تۆپبارانی تورکیایە بۆسەر ئەو هێزانە، بۆیە داوامان کردووە ئەو هێزانە لەوێ نەمێنن بۆئەوەی خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە".

سیروان رۆژبەیانی دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەو ناوچانە گوتی: "لە ناوچە کوردستانییەکان مەخموور و شێخان هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و دەتوانرێت وەک ناوچەیەکی ئاسایی هەڵبژاردنی تێدا بکرێت، بەڵام ئەوەی کێشەیە و گرفتە شنگالە کە کێشەی ئەمنی تێدایە، هیوادارین بە هاتنی کازمی حکوومەتی ناوەند بایەخێکی تەواو بە شنگال بدات و ئەو هێزانەی لەوێن نەمێنن و دۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە".

جێگری پارێزگاری نەینەوا دەربارەی ئاوارە ئێزدییەکان کە بۆچی ناگەڕینەوە زێدی خۆیان سیروان رۆژبەیانی رایگەیاند "تا ئێستا تەنها لەسەدا 20ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە و زیاتر لەسەدا 80ی ئاوارەکان ماون کە هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، هۆکارەکەیشی دۆخی سیاسیی و ئەمنیی شارەکەیە کە ناتوانن بگەڕێنەوە".

سیروان رۆژبەیانی گوتیشی: "ئێمە وەک حکوومەتی خۆجێی لە رێگای رێکخراوی ئاشتی زیاتر لە ساڵێکە لیژنەمان پێکهێناوە، سێ لیژنەن یەکێکیان لە شنگال ئەوی تریان لە نەینەوا و ئەوی تریان لە سەنتەری شارە، بۆ قەرەبووکردنی ئەو خەڵکانەی لە شەڕی داعش برینداربوون یان ونبوون یان ماڵ و حاڵیان رووخاوە، ئەوانە هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە و قەرەبووەکەیش بەردەوامی پێ دەدرێت تەنها بۆ یەکجار نییە".

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشیاندا قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند "ئەمڕۆ بابەتی شنگال و ئێزدییەکان دۆسیەیەکی مرۆڤایەتییە بۆ خەڵکی شنگال و هەموو پێکهاتەکانی لە ئێزدی و موسڵمان و کریستیان، خەڵکی شنگال بۆچی ناگەڕێنەوە ئەوا پەیامێکی روونە بابەتێکی ئەمنی و سیاسییە و بابەتی نەبوونی خزمەتگوزاری و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییە بۆ خەڵکەکە، هەتاوەکو ئێستاش لەسەدا 20یان گەڕاونەتەوە، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراقدا رەوشێک هاتووەتە پێش کە داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت بۆ شنگال، ئەو هێزە ناشەرعییانەی لەوێن دەربکرێن کە بوونەتە ئاستەنگ و ئارامی شنگال لاواز دەکەن، ئەوەی پێویستە پۆلیسی محەلی بمێنێتەوە و ئیدارەی شەرعی بگەڕیتەوە سەر ئیشوکارەکان و ناو شارەکەدا".

مەحما خەلیل گوتیشی: "شنگال بەشێکە لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەین کازمی کە داوای سیادەی عێراق دەکات ئەوا باشترین و پێویستترین ناوچە کە پێویستی بە سەپاندنی یاسا و چەکداماڵین و پاراستنی سیادە بێت شنگالە و هیوادارین ئەوە بکات".