هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یەكێتیی بەڵێندەران گوتی، ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی لیژنەیەكی هاوبەشەوە دیراسەی نزیكەی 180 پڕۆژەی یەكێتیی بەڵێندەرانی كردووە و لەم هەفتەیەوە دەكەونەوە كار، كە هەر پڕۆژەیەكیش بكەوێتەوە كار، لەلایەن حكوومەتەوە پارەی بۆ تەرخان دەكرێت.
بەشار عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دوێنێ لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران قسەمان كردووە و لیژنەیەكی هاوبەش هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران كە پێی دەگوترێت هاوبەشی هەموو وەزارەتەكان و، دیراسەی نزیكەی 180 پڕۆژەی بەڵێندەرانیان كردووە، بۆ ئەوەی تێیاندا دەست بە كاركردن بكرێت و تەواو بكرێن.
ناوبراو گوتیشی، ئەو پڕۆژانەی كە دەكەونەوە كار، پڕۆژەی جۆراوجۆرن لە هەرێمی كوردستان.
عەلی دەشڵێ، ئەو لیژنەیە بڕیاری لەسەر دەدات لەم هەفتەیەدا دەست بە كار بكەنەوە و، هەر پڕۆژەیەكیش لەوانە دەست بە كار بكاتەوە، حكوومەت پارەی بۆ خەرج دەكات، بەو مەرجەی كە لە بانكەكانی حكوومەت پارەی كاش هەبێت، چونكە ئەگەر پارەی تێدا نەبێت، ناكرێت دەستیان پێ بكرێتەوە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یەكێتیی بەڵێندەران ئاماژەشی دا، ئەمە هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ بەڵێندەران و ئەو پڕۆژانەی كە راگیرابوون لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی قەیرانی داراییەوە، جارێكی دیكە دەست بە كار دەكەنەوە.
بڵند ئیبراهیم