د. ڤیان: پرسی دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو، تایبەتە بە لایەنە شیعەكانەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- دوای ئەوەی لایەنە شیعەكان نەیانتوانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە، لە ئێستادا دەنگوباسی میدیاكان گەرمە بۆ ئەوەی دووبارە عادل عەبدولمەهدی ببێتەوە سەرۆكوەزیران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەڵێ: "ئێمە پێشتر لەسەر عادل عەبدولمەهدی رەزامەندیمان دابوو و هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ نەبووە، بەڵام بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا بكرێتەوە، پێویستە شیعەكان خۆیان رێك بكەون".

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕ فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە كابینەی ئێستای حكوومەتی عێراقدا ئێمە دەنگمان بە عادل عەبدولمەهدی دا كە ببێتە سەرۆكوەزیران و كاندیدی شیعەكان بووە و لاریمان لەسەر ناوبراو نەبووە، چونكە ئەگەر شیعەكان لەسەری رازی بن، ئێمە لاریمان نییە و كەسایەتییەكی بەڕێزە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق، بۆیە سەرەتا رای شیعەكان گرنگە و ئەو پۆستەش پشكی ئەوانە".

سەبری باسی لەوەش كرد: "هەركاتێك شیعەكان كاندیدی خۆیان دیاری كرد، ئینجا عادل عەبدولمەهدی بێت یاخود كەسێكی دیكە، ئه‌وجارئێمە رای خۆمان لەسەری دەردەبڕین، چونكە رای شیعەكان گرنگە و پێویستە سەرەتا ئەوان خۆیان یەكلا بكەنەوە دواتر رای لایەنەكانی دیكە وەربگرن".

 

بڵند ئیبراهیم