بەفربارین چەند ناوچەیەكی هەرێم دەگرێتەوه

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-07 00:00:00 - سەرچاوە: pukmedia

شەپۆلێكی بەفر بارین سنووری حاجی ئۆمەران و چیای ئەزمەڕ و چیاكانی شارباژێڕ و چەند ناوچەیەكی دیكەی هەرێمی گرتوەتەوە و بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیش، باران بارین بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكانیش ئەگەری بەفربارین هەیە. ئەمڕۆ شەممە 7-12-2019، كەشناسی هەرێم رەوشی كەشوهەوا و پلەكانی گەرمای 48 سەعاتی داهاتووی پارێزگاكانی راگەیاند بەپێی راگەیەنراوەكانیش، ئەمڕۆ و سبەینێش ئەگەری بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكان لە ئارادایە. هاوكات هەر ئەمڕۆش كەشناسی هەرێم داتای بڕی بارانبارینی وێستگە جیاجیاكانی هەرێم لە 24 سەعاتی رابردووی بڵاوكردەوە و بەپێی داتاكەش لە پارێزگای هەولێر 15.9 ملم و لە سلێمانی 30.3 ملم و لە دهۆك 13 ملم و لە كەركوك 16.1 ملم و لە هەڵەبجە 11.8 ملم باران باریوە.