نێچیرڤان بارزانى و جینین پلاسخارت دۆخی عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامى و سه‌قامگیری بۆ عێراق ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ پێویستیى له‌به‌رچاوگرتنى داوا ڕه‌واكانى خۆپیشانده‌ران كرده‌وه‌.

له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/1/2020 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ردوولا دوا پێشهات و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌، خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق و داواكارییه‌كانیان، مه‌رترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانی و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانیان له‌مباره‌یه‌وه‌، خسته‌ به‌ر باس.

تاوتوێكردنی دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و پلانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هاوكاریكردنی عێراق له‌م قۆناغه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.