سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر لەسەر هەڵمەتی لادانی زیادەڕۆییەكان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-14 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر لەسەر هەڵمەتی لابردنی زیادەرۆییەكان رایگەیاند،"چیتر ڕێگە نادرێت زیادەڕۆکاران لە ھەر ئاستێک بن دور لە ھەمو ڕێکارێکی یاسایی، لەسەر موڵکی ئەو شارە سودمەندبن" دەشڵێت،"نابێت ڕێگەبدرێت ھیچ کەسێک لەدەرەوەی یاسا موڵکی شارەوانی کە موڵکی گشتییە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت"

لەو رونكردنەوەیەدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە خەندان هاتوە،"پرۆسەی لادانی زێدەڕۆیی لەسەر شەقامە گشتییەکان لە شاری ھەولێر دەستی پێکردوە و لەو ماوەیەدا ئەو ھەڵمەتە لەچەندین شەقامی شار ئەنجامدراوە و دوایینیان ھەڵمەتی ھەڵگرتنی کابینەکانی بەردەم پارکی شەھید سامی عبدالرحمن بو، ھەڵبەت ئەوە دوایین ھەڵمەت نابێت و بەردەوام دەبێت و چیتر ڕێگە نادرێت زێدەڕۆکاران لە ھەر ئاستێک بن دور لە ھەمو ڕێکارێکی یاسایی، لەسەر موڵکی ئەو شارە سودمەندبن."

دەشڵێت،"زێدەڕۆکاران ھەوڵیانداوە سۆزی خەڵکی بۆخۆیان رابکێشن بەوەی لە وڵاتانی تریش کابینەی سەر شەقام ھەن، بەڵێ ھەیە، بەڵام لە وڵاتانیش ئەو بابەتە بە یاسا ڕێکخراوە و بە زێدەڕۆیی دانەنراون و نەکراون بە موڵکی چەند کەسێکی دیاریکراو."

دەقی رونكردنەوەكە:

ڕونکردنەوەیەکی پێویست لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر.
سەبارەت بە ھەڵمەتی لادانی زێدەڕۆیی لەسەر موحەرەماتی پارکی شەھید سامی عبدولڕەحمان و بەلاڕێدا بردنی بابەتەکە لەلایەن کەسانی زێدەڕۆکارەوە، بە پێویستمان زانی ئەو ڕوونکردنەوەیە بدەینە ھاوڵاتیانی شاری ھەولێری خۆشەویست.

١- پرۆسەی لادانی زێدەڕۆیی لەسەر شەقامە گشتییەکان لە شاری ھەولێر دەستی پێکردووە و لەو ماوەیەدا ئەو ھەڵمەتە لەچەندین شەقامی شار ئەنجامدراوە و دوایینیان ھەڵمەتی ھەڵگرتنی کابینەکانی بەردەم پارکی شەھید سامی عبدالرحمن بوو، ھەڵبەت ئەوە دوایین ھەڵمەت نابێت و بەردەوام دەبێت و چیتر ڕێگە نادرێت زێدەڕۆکاران لە ھەر ئاستێک بن دوور لە ھەموو ڕێکارێکی یاسایی، لەسەر موڵکی ئەو شارە سوودمەندبن.

٢- ئەو کابینانە بەشێوەی زێدەڕۆ، دوور لە ھەموو ڕێکارێکی یاسایی، لەسەر سۆشتە دانراون کە لەلایەک مافی پیادەی گشتییە و لەلایەکی تر محرماتی پارکی (شەھید سامی عبدالرحمن)ە، واتە ھیچ شتێکی فەرمی و یاسایی نییە و ھەر کەس پێی وا بێت مافی خوراوە دەتونێت پەنا بۆ دادگا ببات و یاسا لە نێونمان سەروەر بێت.

٣-پارکی شەھید سامی عبدالرحمن یەکێکە لە بەرچاوترین شوێنەکانی شاری ھەولێر، لەو کاتەوەی ئەو کابینانە دانراون ڕۆژانە بە دەیان و سەدان ھاوڵاتی و کچ و کوری شەھید و گەنجی بێکار و کەمدەرامەت، داوا دەکەن کە چۆن ڕێگە بەو چەند کەسە دراوە ئاوا ڕێگە بە ئەوانیش بدرێت کابینەیەک دابنێن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان، لێرەدا دەکەوینە بەردەم دوو بژاردە:
- یەکەمیان ئەگەر ئەو کابینانە لا نەدرێن و ھەر کەسێکی تر داوای کرد ڕێگەی پێ بدرێت و جیاوازی نەکرێت لە نێوان کەس کە دیارە بەو ڕێگەیە شار بەرەو وێرانە دەڕوات ھیچ مانایەک بۆ بوونی یاسا و دامەزراوەکانی شارەوانی نامێنێتەوە.
- دووەم: ئەوەی کە ڕێگە نەدرێت کەس زێدەڕۆیی بکاتە سەر شۆستە و شەقام و جیاوازی نەکرێت کە ڕێگە بە چەند کەسێک بدرێت کە لە پەنجەکانی دەستێک زیاتر نین، و داواکاری سەدان کچ و کوری شەھیدان و گەنجی تری ئەو شارە بەلاوەبنرێت.
٤- چەند مەترێک لەولاتری ئەو کابینانە، لەناو پارکی شەھید سامی عبدالرحمن چەندین کوشک ھەن کە ھاوڵاتیان و گەنجی تر بەپێی یاسا بەرکارەکانی بەکرێدانی موڵکی حکوومەت، بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا و بەپێی یاسا وەریانگرتووە، ساڵانە کرێ دەدەن بە حکومەت و گرێبەستیی یاساییان ھەیە، کە چەندین بڕگە لەخۆ دەگرێت، بەھۆی ئەو کابینە زێدەڕۆییانەی سەر شۆستەی پارک ڕێژەیەکی کەم خەڵک سەردانی کۆشکەکانی ناو پارک دەکەن، لە کاتێکدا ئەوان رێگەپێدراون. واتە ئەو گەنجانەی خاوەن کابینەن لەناو پارک کە بە یاسایی کاریان کردووە و کرێگرتەی شارەوانین، زەرەرمەند بوون و ئەوانەی زێدەرۆکارن و ڕێز لە یاسا ناگرن و یاسا پێشێل دەکەن لەسەر شۆستە سوودمەندن، چ مەنتقێک ئەوە قبوڵ دەکات پەیرەوکاری یاسا زەرەرمەندبێت و زێدەڕۆکار سوودمەند؟

٥- لەبەر ئەوەی کابینەکانی سەر شۆستە بەشێوەی زێدەڕۆ دانراون و دوور لە ڕێکاری یاسایین، ھیچ جۆرە التزامێکی فەرمییان لەگەڵ شارەوانی نییە، واتە ھیچ جۆرێک لە رسومات یان کرێ یان باج نادەن بە حکومەت، لە کاتێکدا موڵکی حکومەت نابێت بە پێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان و یاسای داھاتی شارەوانییەکان بێ بەرامبەر بدرێت بە ھیچ کەسێک.

٦- لادانی زێدەڕۆیی بابەتێکی یاساییە، نابێت ڕێگەبدرێت ھیچ کەسێک لەدەرەوەی یاسا موڵکی شارەوانی کە موڵکی گشتییە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت.

٧- سەبارەت بەوەی بکرێن بە گرێبەست و کرێ بدەن، ئەوە جۆرێکە لە شەرعییەت دان بە زێدەڕۆیی و سەرپێچی یاسایە، لە ڕووی یاساییەوە ناکرێت راستەخۆ موڵکی شارەوانی بدرێت بە کەس، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە بێت، کە موڵکەکە بۆ ماوەی مانگێک جاردانی بۆ دەکرێت، دواتر ھەر کەسێک دەتوانێت لە پرۆسەی زیادکردنەکە بەشدار بێت و کێ زۆرترین کرێ بدات، شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ دەکات، ئەو بابەتە بە یاسا رێکخراوە بۆ ئەوەی دەرفەتی یەکسانیی بۆ ھەموو خەڵک فەراھەم بێت و ڕێگە لە قۆرخکاری بگیرێت، نەوەک چەند کەسێک دەستەبژێر بکرێن و دوور لە یاسا لە نێوان زیاتر لە ملیۆنێک کەسی دانیشتووی پایتەخت سوودمەند بکرێن.

٨- زێدەڕۆکاران ھەوڵیان داوە سۆزی خەڵکی بۆخۆیان رابکێشن بەوەی لە وڵاتانی تریش کابینەی سەر شەقام ھەن، بەڵێ ھەیە، بەڵام لە وڵاتانیش ئەو بابەتە بە یاسا ڕێکخراوە و بە زێدەڕۆیی دانەنراون و نەکراون بە موڵکی چەند کەسێکی دیاریکراو.

٩- زێدەرۆکاران ھەوڵ دەدەن ھەستی خەڵک بجوڵێنن بەوەی کە شارەوانی رێگرە لە کەسابەتی گەنجان و چەند کەسێک ھەلی کاریان لەدەست داوە. دڵنیاتان دەکەینەوە کە خاوەنی راستەقینەی زێدەڕۆکاران ئەگەر لە چینی ھەژار بوونایە نەیاندەتوانی لەو شوێنە زێدەڕۆیی ئەنجامبدەن.
١٠- حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کارنامەی خۆیدا جەختی کردۆتەوە لەسەر دابین کردنی ھەلی کار بۆ تەواوی ئاستە جیاوازەکان، بەتایبەتی گەنجان، کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەرئەنجامی ئەو ھەوڵانەی حکوومەت لە ئەرزی واقعدا ڕەنگدەداتەوە کە لە چوارچێوەی یاسادا ھەلی کار دەرەخسێندرێت، نەوەک بە بێ یاسایی و بە ھاندانی زێدەڕۆیی.

لە کۆتاییدا ھاوڵاتیانی شاری ھەولێر دڵنیا دەکەینەوە کە بە ھەموو شێوەیەک بەرگری لە یاسا و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی دەرفەتی وەک یەک دەکەین بۆ ھەموو ھاوڵاتیان و گەنجانی خۆشەویست و ھەوڵ دەدەین بە تەواوی یاسا سەروەر بێت و مەودا بۆ قۆرخکاری نەھێڵینەوە. جیاوازی شاری ھەولێر دەیسەلمێنێت کە حکوومەت و شارەوانی ھەولێر ھەمیشە لە ھەوڵدایە بۆ پێشخستن و جوانکردنی سیمای ئەو شارە، ھیچ ھەوڵێکیش ساردمان ناکاتەوە لەسەر بیروباوەرمان بۆ چەسپاندنی یاسا و ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێگەگرتن لە قۆرخکاری، بەڵکو لە جاران ڕژدتر کادەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی شاری ھەولێر لە ھەموو ڕوویەکەوە.

ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر