ماڵپەڕی KDPوردەكاریی راكێشانی تیروپشك بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بڵاو دەكاتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی ئەوقاف لە پرۆسەیەكی شەفاف و ئاشكرادا و بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی، تیروپشك بۆ حاجیانی ئەمساڵی كوردستان ئەنجام بدات، كە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ 4 هەزار و 500 كەسە.

نەبەز ئیسماعیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ساڵی 2017 خەڵكی هەرێمی كوردستان ناوی خۆیان بۆ پرۆسەی حەج تۆمار كرد، كە ژمارەیان 72هەزار و 202 كەس ناویان لای ئێمە مابوو، بۆیە ئێمەش دوای دیداری حەج، بڕیار درا تیروپشك بۆ حاجیانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت".

ناوبراو  گوتیشی، ئەمساڵ تیروپشك تەنها لەو ناوانە ئەنجام دەدرێت كە لە ساڵی 2017 ناوی خۆیان تۆمار كردبوو و ناویشیان بۆ حەجكردن دەرنەچووبوو، بۆیە ئەمساڵ تیروپشكیان بۆ دەكرێت و پشكی هەرێمی كوردستانیش كە 4هەزار و 500 كەسە، هەڵدەبژێردرن.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕوونیشی كردەوە، پرۆسەی تیروپشك بە ئاشكرایی و بە ئامادەبوونی دادوەر سەعات نۆی بەیانی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت.

ئەو تیروپشكەی ئەنجام دەدرێت، تەنها بۆ ئەمساڵ دەبێت، كە لە ناوە كۆنە تۆماركراوەكانی ساڵی2017 ئەنجام دەدرێت.

 

بڵند ئیبراهیم