شنگال.. بە هۆی بۆردوومانی بارەگایەكی پەكەكە حەوت كوژراو و سێ بریندار هەن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

شنگال-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال رایگەیاند، ئەمڕۆ نیوەڕۆ جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بارەگایەكی پەكەكەیان لە شنگال كردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە حەوت كوژراو و سێ بریندار هەن.

قاسم شەشۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بارەگایەكی پەكەكەیان لە كۆمەڵگای دووگرێ بۆردوومان كردووە و، بەو هۆیەوە حەوت كوژراو و سێ بریندار هەن، كە لەناو بارەگای پەكەكەدا بوون و چەكداری ئەوانن.

شەشۆ گوتیشی، دوای بۆردوومانكردنی بارەگاكە، تەرمی كوژراوەكان و بریندارەكانیش رەوانەی نەخۆشخانەی سنوونێ كراون.

لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جاری دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە هۆی بوونی پەكەكەوە لە شنگال، ئەو ناوچه‌یان بۆردوومان كردووە، ئەمەش وای كردووە كە ئاوارەكان و خەڵكی شنگال نەوێرن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

 

بڵند ئیبراهیم