هەولێر-KDP.info- رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١/١٥ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە گەڵ شاندی عێراقی جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان کراوەتەوە.
پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژە یاسای چاکسازی دا و جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و دووپاتیشی کردەوە کە ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی مووچە و دابەشکردنی داهاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. دڵنیاییشیدا کە مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت. لەمبارەیەوە بڕیاردرا روونکردنەوەی پێویست لە بارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ( Public Private Partnership (PPP) ) کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران سەڕەڕای پشتیوانیکردنی پڕۆژەکە لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەیەکی یاسایی روون وئاشکرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی راسپارد لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێشنیار و تێبینییەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەن.