لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا ترەمپ و ئەردۆگان دۆخی لیبیا-یان تاوتوێکرد

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-15 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هاوتا تورکەکەی پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و دۆخی لیبیایان تاوتوێکرد.

بەگوێرەی رۆیتەرز ترەمپ و ئەردۆگان سەبارەت بە نوێترین بەرەوپێشچونەکانی ناوخۆی لیبیا و دەستوەردانی دەرەکی لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا قسەیان کردوە.

مانگی رابردو دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای ناردنی هێز بۆ لیبیا لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا، ئەردۆگان وتی "لە ئێستادا بە شێوەیەكی پلەبەندی هێزەکانمان  رەوانەی لیبیا دەكرێن".

دوای ناردنی سوپای تورکیا بۆ لیبیا، چەندین ولاتی ناوچەکە لە سەرو هەموشیانەوە ئیسرائیل بە توندی دژایەتی خۆی بۆ ناردنی هێزی تورکیا بۆ لیبیا دەربڕی و بە پاوانخوازی پێشێلی سەروەری خاکی وڵاتان ناوی برد.

سەرەتای ئەم هەفتەیە  لەکۆبونەوەیەکی تایبەتدا، روسیا و تورکیا هەوڵی ئەوەیاندا خەلیفە حەفتەر رازیبکەن بە رێککەوتنێکی دولایەنە بۆ راگرتنی هێرشەکانی کە بۆماوەی 9 مانگە بەردەوامە، بەڵام حەفتەر رازینەبو دانیشتنەکەی مۆسکۆی بەجێهێشت.

سەراج کە سەرۆکایەتی حکومەتی لیبیا دەکات، رێککەوتنەکەی واژۆکرد، بەڵام حەفتەر رازینەبو، دواتر وەزیری بەرگری روسیا لەوبارەیەوە رایگەیاند، بۆچونەکانی حەفتەر ئەرێنی بوە، بەڵام پێویستی بەدو رۆژ هەبوە بۆ زیاتر بیرکردنەوە لەوبارەیەوە.