سلێمانی -KDP.info- شرۆڤهکارێکی سیاسی و ئهمنی لهبارهی ههر پێشهاتێكی نهخوازراو و هێرشی ڕیكخراوی تیرۆریستی بۆ ههرێمی کوردستان و ناوچه کوردستانییهکان دهڵێ، پێشمەرگە تاکه هێزی تێکشکێنهرە و بێگومان جیهانیش چاوی لە پێشمهرگهی کوردستانه که دهبێت ههنگاوهکان خێراتر بکرێت بۆ یهکگرتنهوه و ڕێكخستنهوهیان.
ههرچهنده ڕاگهیهنرا ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش له عێراق و سووریا تێكشكێنرا و له ڕووی سهربازییهوه كۆتایی بهو ڕێكخراوه تیرۆرستییه هاتووه، بهڵام شارهزایانی بواری سهربازی بهردهوام جهختیان لهوه دهكردهوه كه ئهو ڕێكخراوه لهناو نهچووه و له ڕابردوودا سهرقاڵی خۆڕێكخستنهوهیه، ئێستاش شانهكانی ئهو ڕێكخراوه چالاك بوونهتهوه و ڕۆژانه هێرش دهكهنه سهر سوپای عێراق و له چهند ڕۆژی ڕابردووشدا پێشمهرگه دوو هێرشی تێكشاندوون.
لهوبارهیهوه نیاز حاجی، شرۆڤهكاری سیاسی و سهربازی، له لێدوانێكدا بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگهیاند: "بیگومان هێرشی دووبارەی تیرۆریستانی داعش پێشبینیکراو بوو، هەموو ئەوانەی لەو بوارەدا شارەزاییان هەیە، پێشبینیی ئەوەیان کردبوو کە داعش بە خۆڕێکخستەوەوە دێتەوە، لە ماوەی ڕابردوو ئەوەی کە ڕووی دا، بە نموونە، گرتنەوەی مووسڵ و گرتنەوەی زۆر شوین لەناو عیراق، تەنها گرتنەوەی شەقام و ڕێگا سهرهكییهكان بوو، چونکە داعش لەناو چیا و بیایانەکان وەک خۆی مابوو، دەتوانین بڵێین 80%ی چەکدارەکانیشیان نەکوژرابوون و مابوون، ئەوکات لەوانەیە ئەمەریکا، یان هاوپەیمانان لەگەڵ عهبادی پێویستیان بەوە بوو، کە بڵێن "داعش کۆتاییی هاتووە"، ئەگەرنا له ڕووی واقیعییهوه وا نەبوو، بەڵکو ڕێكکەوتن بوو، تا عهبادی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، ئەو بابەتەیان پێشکەش کرد وەک بانگەشەیەک کە عەبادی کۆتاییی بە داعش هێناوە لە عێراق، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە داعش کۆتاییی نەهاتووە و لە جاران بەهێزتریش دەگەڕێتەوە، بەڵام لەوانەیە ئەوجارە جیاواز بێت لە پێشووتر."
داعش تاكتیكه سهربازییهكانی دهگۆڕێ
نیازحاجی، ئاماژهی بهوه دا: "پێشتر داعش شوێنی دەگرت دەستی بەسەر شوین و شاردا دەگرت، بەڵام ئێستا خۆی لەو ستراتیژییە بەدوور گرتووە، ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکات، هەر جارەو لە شوێنێک هێرش دەکات بۆ ئەوەی بهرپرسیاریهتیی شارەکانی تری کەمتر بکەویتە ئەستۆ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هیچی نەبێ و لە ئایندەدا هێرش نەکات بۆ شارەکان، بێگومان داعش لە سووریا پێ دەچێ ڕۆڵی نەمابێت، یان ڕۆڵەکەی زیاتر بێتە عێراق، چونکە دابەشکاریی ناوچەکان لە لایەن هەردوو هێزەکانەوە لە سووریا تەقریبەن کۆتاییی هاتووە و هێزە نێودەوڵەتییەکان لەوێ ڕاستەوخۆ تەدەخول دەکەن، ئەمەریکا، تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەوان ڕاستەخۆ لەناو گۆڕەپانەکەن، شەڕە وەکالەتەکە لە سووریا لە لای داعشەوە کۆتایی پێهاتووە و ئیتر دێتە عێراقەوە، ئیدی هەر ئەجێندایەک لە پشت داعشە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری دەهێنێ، بۆیە ئێمە وەک کورد لە ئایندەدا ناکرێ هەر پشت بە سەنگەرەکان ببەستین، بەڵکوو دەبێ لە ڕووی هەواڵگریشەوە زیاتر گرنگی بدەین بە جموجۆڵەکانی داعش، بۆ ئەوەی کارەساتەکانی پێشوو دووبارە نەبنەوە."
کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی و كاریگهریی لهسهر داعش
لهبارهی كوژرانی ئهبووبهكر بهغدادی و كاریگهرییهكانی لهسهر داعش، نیاز حاجی گوتی: "ڕۆڵی ئەبووبەکر بەغدادی لە پاش شەڕەکانی کە لە سووریا کرا لەگەڵ داعش و هێزەکانیان لە باغۆز و ئەو ناوچانە، ئیتر ڕۆڵەکەی تەواو بوو، داعش پێویستیی بە سەرکردایەتییەکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی بە ستراتیژییەکی نوێ و بە ئاراستەیەکی نوێ ئەم جارە بێتەوە، کەوایە کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی لە سووریا پێشبینیکراو بوو، ئێستاش بێگومان به بەرنامەی نوێوە ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە و هەستیشی پێ دەکرێ، لەوانەیە ئێستا تهركیزی میدیاییی لەسەر بێت لەناو عێراق بهتایبهت لە ناوەڕاست و ناوچهی دیالە و لە بیابانەکانی نێوان ڕومادی و سەلاحەدین ڕۆژانە جموجۆڵیان زیاتر بێت، بەڵام چالاکییەکانی ئێستایان زیاتر تاکتیکیتری شەڕە و کەمتر بایهخی میدیایی پێ دەدەن، لە بهراورد به پێشتر كه داعش هەر جموجۆڵێکی دەکرد لە ڕووی میدیاییهوە جموجۆڵەکانی بڵاو دهكردهوه، بهڵام ئێستا پێ دەچێت ئەو ستراتیژهیان گۆڕیبێت و زیاتر وەک مۆرانە لە ژێرەوە ئیشەکانی خۆیان دەکەن و کەمتر گرنگی بە میدیا دەدەن."
ڕۆڵی ئەمەریکا لە سەرهەڵدانەوەی داعش
لهبارهی ڕۆڵی ئەمەریکا لەبارەی رێگرتن لە سهرههڵدانهوهی داعش نیاز حاجی دهڵێت: "ئەمە چەند خاڵێکی گرنگی لە پشتە:
یەکەم: وا ئاسان نییە و دەبێ بودجە و ئیمکانیاتی شەڕی بۆ تەرخان بکاتەوە، بەئاسانی دەسی پێ ناکاتەوە، دەبێ خۆیان ڕێک بخەنەوە بۆ دووبارەلێدانەوەی مۆڵگەکانی داعش، هەروەها ڕای گشتی دەکەونە پرسیار لێیان، کە ئێوە نەتانگوت داعش کۆتاییی هاتووە، ئەی چ خێرە سەریان هەڵدایەوە؟ بۆچی؟
دووەم: ئەو هاوپەیمانییەی کە بۆ شەڕی داعش دروست بوو لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی تێ کەوتووە و وەک جاران نییە پێشتر هاوپەیمانییەک دروست کرابوو کە زۆربەی وڵاتەکانی تێدا بوو، بەڵام لە پاش هێرشەکانی توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، تورکیا هێرشی كرده سهر یهكێك لە ئەندامە چالاکەکانی هاوپەیمانیی دژی داعش و بە تیرۆریستی ناساندن، کە هێزەکانی سووریای دیموکراتە، کەواتە ئەو هاوپەیمانیهتییهی بۆ داعش دروست بوو کێشەی تیدایە ئێستا، ههتا ئەو کێشانەش بمێنێ، ئەمەریکا ناتوانێ وا بەئاسانی بێتەوە ناو شەڕی داعش و دەست بە وهشاندنی گورزەکانی بکاتەوە.
هۆکاری چونەوەی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکان
بێگومان ئەگەر جموجۆڵەکانی داعش زیاد بکاتەوە ئەوە حکوومەتی عێراقیش بەو جۆرە ناکۆکی و کێشەی تێدا بێت، کەوایە ئەو ناوچانەی پێ ناپارێزرێت و بێگومان حکوومەتی عێراق خۆی داوا دەکات کە کورد و پێشمەرگە بگهڕێنهوه ئەو ناوچانە بۆ پارێزگاری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارهی هەریمی کوردستان.
پێشمهرگه تێكشكێنهری ئهفسانهی داعشه له تهواوی جیهاندا
له درێژهی لێدوانهكهیدا بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئهو شرۆڤهكاره، گوتی: "بێگومان پێشمهرگه ئهفسانهی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی تێكشكاند، ئەگەر پیلانی ناوخۆیی و هەرێمی نەبووایە پێشمەرگە هەرگیز شکستی نەدەهێنا لە هیچ شەڕێکدا، پێشمەرگە نە چەکی تەواوی هەبوو، نە ئامادەسازیی تەواوی هەبوو، داعش چەکی 5 فیرقەی عێراقی کەوتە دەست، ئەو گورزەی وەشاند، گوناحی پێشمەرگەی تیدا نەبوو، تووشی شەڕی داسەپاوی داعش بوون، دواتر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، سەرۆک بارزانی، سهركردایهتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و هاوپەیمانان هاتنەدەست، ئیتر پێشمەرگە توانی داعش تێكبشكێنێ و تاکە هێزی شەڕکەره کە بەبێ ئەجێندای گوماناوی شەڕ دەکات و تەنها شەڕی مانەوەیە و قەناعەتی پێی هەیە كه بۆ پاراستنی نیشتمانە."
پاراستنی ههرێمی كوردستان له تیرۆریستان
نیاز حاجی، ئاماژهی بهوهش دا: "هێرشی تیرۆریستانی داعش و مەترسییەکانی پێویستی بە چەند ڕێکارێک هەیە، ڕێکاری هەواڵگری، ڕێکاری سەربازی، ڕێکاری بەرگری، ڕێكخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمانە هەمووی ڕێکاری ستراتیژین کە بتوانین مهترسیی داعش ئەگەر بیانەوێ بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان بێن کەم بکەینەوە، لەگەڵ پتەوکردنی سەنگەرەکان دەبێ لەڕووی هەواڵگریشەوە زیاتر ئامادەیی زۆرتر هەبێ، چونکە هێرشەکانیان چاوەڕوان نەکراوە و درز دەدۆزنەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە لە ڕووی هەواڵگری و شەڕی پارتیزانییەوە خۆت بەهێز بکەی. ناکرێ تۆ هەر چاوەرێ بکەیت، ئەوان هێرش بکەن، دەبێ ئێمەش جموجۆلی سەربازی و ئۆپەراسیۆنمان هەبێ بۆ ئەو شوێنانهی داعش مەترسیی لەسەر هەرێم دروست دەکات."
یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان
له كۆتاییشدا، نیاز حاجی دهڵێ: "دەبووایه زووتر پێشمهرگه یهك بخرایهتهوه، یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە دەبێ سەرکردایەتیی کورد زیاتر گرنگیی پێ بدات و بەکردەوه هەنگاوی بۆ بنێت، هەرچەند هاوپەیمانان لەسەر هێڵن، وەک باس دەکرێ، بەڵام پێویستە ئەو هەنگاوە پەلەی لێ بکرێت، هەرچەند لەو هەنگاوە دوا بکەوین، مەترسییەکان لەسەرمان نزیک دەبن، چونکە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان، تەنها داعش نییە، بەڵکو چەندین هێزی تریشە لە ناوچەکەدا، بۆیە یاشترین چارەسەر یەکگرتنەوە و ڕێكخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستانە بۆ ههر پێشهاتێك."
زریان كهمال