هۆڵەندا-KDP.info- لە سەردانێكی فەرمیدا بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا لە شاری لاهای، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، بە یاوەریی شاندێكی نوێنەرایەتی، بە شێوازێكی فەرمی لەگەڵ سەرۆك و لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی هۆڵەندا كۆ بووەوە.
لە دەستپێكی دانیشتنەكەدا، كە بە بەشداریی پەرلەمانتارانی سەرجەم پارتەكانی بەشدار لە حكوومەتی هۆڵەندا بەڕێوە چوو، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی گەیاندە سەركردایەتیی سیاسیی هەرێم و پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە بەردەوامییان لە شەڕی دژی داعش. ئینجا دەرفەتی بە نوێنەری حكوومەت دا تاكو دوایین گۆڕانكاری لەسەر بارودۆخی ناوچەكە و تێڕوانین و هەڵوێست و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بخاتە ڕوو.
لە گوتەیەكدا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی بە تێروتەسەلی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كاریگەریی قەیرانەكانی سووریا و عێراقی شی كردەوە و هەڵوێست و تێڕوانینی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەر ڕووداوەكان خستە ڕوو و بە وردی باسی لە كاریگەرییەكان كرد لەسەر هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئاسایش و ئابووری و سەقامگیریی سیاسی و گوزەرانی خەڵك، هەروەها داوای پشتگیری و هاوكاریی زیاتری بۆ هەرێمی كوردستان كرد.
پرسی قەیرانەكانی ئەم دواییەی عێراق، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، كە تێیدا نوێنەری حكوومەتی هەرێم د. دلاوەر خالید ئاژگەیی بە وردی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی ڕوون كردەوە و ڕایگەیاند، كە سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی دژی داعەشە لە هەرێمی كوردستان و لە ناویشیاندا هۆڵەندا، بەتایبەتی كە شەڕی دژی داعش هێشتا كۆتاییی نەهاتووە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، نوێنەری حكوومەت سوپاسی ڕۆڵی هۆڵەندای كرد لە پشتگیریكردن لە هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی بەرچاویان لە پێدانی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و داوای لە پەرلەمانی هۆڵەندا كرد، پشتگیری لە هەنگاوەكانی حكوومەتی هۆڵەندا بكەن لەپێناو پتەوكردنی پەیوەندی لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان لە سەرجەم بوار و ئاستەكاندا.
لە كۆتایی دانیشتنەكەدا، ئاژگەیی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە كە سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكە و پێشهاتەكان ئاراستەیان كرد.
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا دەستخۆشی لە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان كرد لە دابینكردنی سەقامگیری و ئاسایش و لەخۆگرتنی ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە و پەنابەران و دابینكردنی ئاسایش.