هەولێر-KDP.info- بڕیارە یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان ھەموار بكرێتەوە و ئەندامێكی لیژنەی وەبەرھێنانیش دەڵێ، پڕۆژەیاسای وەبەرھێنان گەیشتووەتە پەرلەمان و دوای پەسەندكردن، زۆر كێشەی كەرتی وەبەرھێنان چارە دەكات.
شوان زراری، ئەندامی لیژنەی وەبەرھێنان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەبەرھێنان گەیشتووەتە پەرلەمانی كوردستان و لەلایەن وەزارەتە پەیوەندارەكان و دەستەی گشتیی وەبەرھێنانەوە ئامادە كراوە، بڕیاریشە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دوای پێداچوونەوە، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و یاسای وەبەرھێنان ھەموار بكرێتەوە".
ئەندامەكەی لیژنەی وەبەرھێنان گوتیشی: "بە گوێرەی پڕۆژەیاسای نوێی وەبەرھێنان، لەمەودوا حكوومەت زیاتر گرینگی بە كەرتی وەبەرھێنان دەدات لە ھەردوو بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزاردا".
زراری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ماوەكانی رابردوودا زۆر كێشە لە كەرتی وەبەرھێناندا ھەبوون و ھاووڵاتیان لەبارەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی لەلایەن كەرتی وەبەرھێنانەوە دروست كراون، گلەیی زۆریان ھەبوو، بەڵام یاسای نوێی وەبەرھێنان چارەسەری ھەموو ئەو كێشانە دەكات و، زیاتریش گرینگی بە ھێنانی وەبەرھێنەرانی بیانی دەدرێت بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی وەبەرھێنان".
قائید میرۆ