بەڕێزان/ بەڕێوەبەری گشتی و کادیر و كارمەندانی كوردستان تیڤی..
بەبۆنەی(21) هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی ئازیزی كەناڵەكەتان دەكەین، هیوادارین وەك هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە خزمەتی زیاتر بەو رەوشە سەقامگیرە و ئاسوودەیی و خواست و ویستی خەڵك بدەن.
كەناڵی ئاسمانی كوردستان، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، كە بە بڕیارو سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی دامەزرا، دەسكەوتێكی دیكەی ئەو كاروانە پڕ بەخششەی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمانە، ئەم كەناڵە وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانیی توانیویەتی بە بەرنامەو پلانێكی رێكوپێك و بە پرۆسەیەكی خەمخۆرانە بێتە ناو گۆڕەپانەكە و بێ سرەوتن هەنگاوی سوودبەخشانە بنێ و قۆناغێكی نوێ لە بواری میدیایی لە هەرێمی کوردستان بخاتەوە و بەرەو پێشەوەی ببات، هەروەها بەپێی روانگەیەكی پیشەوەرانەش مامەڵە لەگەڵ بابەت و هەواڵ و رووداوەكان بكات و بێ جیاوازی هەواڵ و رووداوەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان رووماڵ بكات، بەمەش ببێتە كەناڵی گشت هاونیشتمانیانی خۆشەویست و مایەی شانازی تەواوی بینەرانی بێت لەسەرتانسەری جیهاندا.
رۆڵ و كاریگەری بواری میدیا لە هەموو هەلومەرجێكدا زۆر هەستیار و گرنگە بەتایبەتیش میدیای بینراو، دیارە لەو رووەوەش (Ktv) هەمیشە شانبەشانی كەناڵەكانی دیكە بە ئەركی پیرۆزی خۆی هەستاوە و لە خزمەتی خواست و ویستی هاووڵاتیان و كێشە وگیروگرفتەكانیان دابووە، كە ئەمەش مایەی رێزو دەستخۆشیە.
كوردستان تیڤی لەو ماوەی تەمەنی كار و چالاكیەكانیدا هەمیشە بڵنگۆی ئازادیخوازو پێشكەوتنخوازان بووە، هەروەها خاوەن سەنگ و پەیامی سیاسی و میدیایی جیا بووە، بەمەش مسداقیەتی خۆی پاراستووە و بەرجەستەكارێكی راستەقینەی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان بووە.
جارێكی دیكە وێرای سوپاسگوزاری و دەستخۆشیمان پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی دەزگاكەتان وەك دامەزراوەیەكی میدیایی هاوچەرخ و پرۆفیشناڵ دووپات دەكەینەوە و، ئومێدەوارین هەر لەپێشكەوتن و سەركەوتندابن.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
17/1/2020