لە سلێمانی پاقلەفرۆشێک گیراوەی حەبی کردوەتە ناو پاقلەی کوڵاو

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كوردستان رایدەگەیەنێت،"لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامییەتی سلێمانی پاقلەفرۆشێکیان ئاشکراکردوه کە بۆ هەر مەنجەڵێک پاقلە بڕی 12 حەبی پاراسیتۆڵی تێکردوە و بەقسەی خۆی بەو شێوازە ئاسانتر دەکوڵێت."

بڕی حەبەکان رەنگە بەلای هەندێک کەسەوە کەمبێت یان کاریگەری لەسەر هەمو کەسێک نەبێت

سۆران عومەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی،"بڕی حەبەکان رەنگە بەلای هەندێک کەسەوە کەمبێت یان کاریگەری لەسەر هەمو کەسێک نەبێت، بەڵام لەڕوی زانستی دەرمانسازییەوە ئەگەر کەسێک دەرمانی پاڕاسیتامۆڵ وەربگرێت نابێت هیچ بەرهەمێکی دیکە وەربگرێت کە پاڕاسیتامۆڵی تێدابێت."

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویەتی،"لەڕوی دەرمانسازییەوە؛ دەرمانی پاڕاسیتامۆڵ نابێت بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە هەستەوەرییان بە دەرمانەکە هەیە، هەروەها ئەوانەشی کە نەخۆشیی جگەریان بە پلەی مەترسیدار هەیە."

ئاماژەی بەوەشكردوە،" دەرمانی پاڕاسیتامۆڵ دەبێت بەئاگادارییەوە بەکاربهێنرێت لە؛ سستیی جگەر، سستیی گورچیلەکان، فەنیل کیتۆن یوریا (PKU)، کەمخۆراکەکان، ئاڵودەبوان بە ماددە کهولییەکان"

پێویستە بۆ هەمو شتێک بە هاونیشتیمانییانمان بڵێین بەئاگادارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەمو بابەتێکی خۆراکیی و دەرمانسازیی بکەن

باسی لەوەشكردوە،"دەرمانی پاڕاسیتامۆڵ وەک ئازارشکێن لە ئازاری کەم و مامناوەند و هەروەها بۆ کەمکردنەوەی پلەیگەرمی لەش لە حاڵەتی "تا" بەکاردەهێنرێت، پاڕاسیتامۆڵ یەکێکە لە دەرمانە زۆر باوەکان کە لەسەرانسەری دنیادا بەکاردەهێنرێت"

دەشڵێت،"بەداخەوە، پێویستە بۆ هەمو شتێک بە هاونیشتیمانییانمان بڵێین بەئاگادارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەمو بابەتێکی خۆراکیی و دەرمانسازیی بکەن."

لەكۆتاییدا دەڵێت،"دەستخۆشی لە لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامییەت دەکەین لە هەموو پارێزگاکان کە وەک سەربازی ون کارەکانیان دەکەن، بەهیوای کاری زیاتر، ئێمە و هاونیشتیمانییان پشتیوانتانین، بەردەوامبن."