شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج سەردانی رۆژئاڤا دەکات

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
بەشی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج کۆبونەتەوە و دو منداڵی بە رەگەز نەرویجییان رادەستی بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردوەتەوە.

ئێریک بی هوسم بەرپرسی بەشی ئەفغانستان و باشوری ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی نەرویج سەردانی رۆژئاڤای کرد

بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی ئیدارەی خۆسەر، ئەمڕۆ ئێریک بی هوسم بەرپرسی بەشی ئەفغانستان و باشوری ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی نەرویج سەردانی رۆژئاڤای کردوە و لەگەڵ عەبدلکەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر کۆبوەتەوە.

ستایشی بەرپرسانی ئیدرەی خۆسەریان کردوە لە پای حەواندنەوەی ژمارەیەک بەرچاوی ئاوارە و ئەو قوربانیانەی هێزەکانیان بەخشیویانە


ئێریک بی هوسم بە میدیاکانی رۆژئاڤای راگەیاندوە، "ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبونەتەوە و کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێکردوە، هاوکات ستایشی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەریان کردوە لە پای حەواندنەوەی ژمارەیەک بەرچاوی ئاوارە و ئەو قوربانیانەی هێزەکانیان بەخشیویانە".

بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبونەوەکەش، لە کۆتاییدا و بە گوێرەی رێککەوتنێک دو منداڵی بە رەگەز نەرویجی کە لە کەمپی هۆل راگیرابون رادەستی حکومەتی نەرویج کراونەتەوە.