خۆپیشاندەرانی عێراق: خۆپیشاندانە ملیۆنیەكەی سەدر بەشێك نیە لە چالاكییەكانی ئێمە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە سیستمی دەسەڵاتی ئێستای عێراق، رەتیانكردەوە بەشداربن لەو خۆپیشاندانە ملیۆنیەی سەرۆكی رەوتی سەدر و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی حزبی بە مەبەستی دەركردنی هێزە ئەمریكییەكات لە وڵاتا داوای ئەنجامدانی دەكەن.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و نیو مەیدانەكانی خۆپیشانداندا، چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان و خۆپیشاندەران بە شێوەیەكی گشتی رەتیدەكەنەوە بەشێك بن لەو خۆپیشاندانانەی بەرپرسانی حزبی لە چەند رۆژی رابردودا داوایانكردوە بە مەبەستی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە وڵات ئەنجامبدرێت.

لە راگەیەندراوێكدا، چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان بڵاویانكردەوە "ئەو خۆپیشاندانە ملیۆنیەی داوادەكرێت دژ بە هێزە ئەمریكییەكان ئەنجامبدرێـ، بەشێك نییە لە چالاكییەكانی خۆپیشاندەرانی مەیدانەكانی تەحریر"، وەك ئاماژەیەك بۆ مەیدانی خۆپیشاندانەكانی گەلی عێراق دژ بە گەندەڵی و نادادپەروەری.

هاوكات لە تۆڕی كۆمەلایەتی تویتەر بە هاشتاگی "ملیۆنیەكەی سەدر بەرجەستەی خواستی خۆپیشاندەران نیە"، دوپاتیدەكەنەوە، ئەو خۆپیشاندانە ملیۆنیەی داوادەكرێـت لە رێكەوتی 24ی ئەم مانكەدا لە عێراق ئەنجامبدرێت، بەشێك نیە لە كار و چالاكی ئەو خۆپیشاندەرانەی ماوەی نزیكەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە".

هەفتەی رابرود، هەریەك لە موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر و بەرپرسانی حەشدی شەعبی و عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەركردایەتی قەیس خەزعەلی، داوایەكیان ئاڕاستەی گەلی عیراق كرد، بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی لە مەیدانەكان تایبەت بە كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنیش داوا لەو لایەنە سیاسی و حزبیانە دەكەن خۆپیشاندانەكانیان دور لە مەیدانەكانی تەحریر ئەنجامبدەن، بە مەبەستی رونەدانی گرژی و ئاڵۆزی لەو نێوەندەدا.