سیروان بابان: موچەی خانەنشینیمان رەتکردەوە و ناکرێت بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە خەڵک چەواشە بکەین

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان وەکو بەشێک لە پەرلەمانتاران موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانیان رەتکردوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا نین خانەنشینی "ئەندامی پەرلەمان چەند ملیۆن بێت و خانەنشینی پێشمەرگەیەکیش 200 هەزار بێت".

سیروان بابان ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پێشنیازەکەی بۆ رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بە خەندان-ی راگەیاند، "هەروەکو بەڵێنماندابو هەمو ئیمتیازاتێک رەتبکەینەوە کە لە دوای نەمانمان لە پەرلەمانتاری وەریدەگرین، من وەکو خۆم رەتیدەکەمەوە من خانەنشینی وەربگرم و خانەنشینی پێشمەرگەیەکیش 200 هەزار موچەکەی بێت".

داوامانکرد وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ رای گشتی بسەلمێنین کە ئێمە راستگۆین لەگەڵ خەڵکی خۆمان و موچەی خانەنشینی رەتبکەینەوە


ئاماژەی بەوەشکرد، "میللەتی ئێمە تائێستا سێ شتی لەگەڵ کراوە نەوتی دزراوە، موچەی خوراوە و درۆی لەگەڵ کراوە، رۆژی 12ی ئەم مانگە نامەیەکم نوسی و تێیدا داوامانکرد وەکو فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ رای گشتی بسەلمێنین کە ئێمە راستگۆین لەگەڵ خەڵکی خۆمان و موچەی خانەنشینی رەتبکەینەوە، بەڵام کاک دکتۆر کازم فاروق سەرۆک فراکسیۆن وتی پێویست ناکات".

ناکرێت بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە خەڵک چەواشە بکەین و قسەی راست بۆ خەڵک نەکەین


لەبارەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەیشی لەلایەن فراکسیۆنەکەیەوە، سیروان بابام رونیکردەوە، "دەبێت لە هاوڕێکانم بپرسن بۆ ئەوەیان واژۆ نەکرد، ناکرێت بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە خەڵک چەواشە بکەین و قسەی راست بۆ خەڵک نەکەین، وەکو خۆم  دەنگم بە یاساکە نەداوە و ئەو نامەیەشم بۆ رای گشتی بڵاوکردوەتەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە سەرەڕایی ناڕەزایی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ، نەوەی نوێ و یەکگرتو پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسایی چاکسازی پەسەند کرد.