ماڵپەرێکی بریتانی جێگرەوەی قاسم سولەیمانی بۆ هەماهەنگی لەناو حەشدی شەعبیدا بڵاودەکاتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

ماڵپەڕێکی بریتانی بڵاویکردەوە، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئەمریکادا، دەسەڵاتدارانی ئێران حەسەن نەسروڵا ئەمنیداری حزبوڵای لوبنانیان بۆ رێکخستنی هەماهەنگی لە نێوان هێزە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا راسپاردوە.
 
ماڵپەڕی "Middle East Eye"ی بریتانی راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "بە نێوەندنگیری حەسەن نەسروڵا ئەمنیداری گشتی حزبوڵای لوبنان گروپە جیاوازەکانی سەر بە حەشدی شەعبی رێککەوتون لەسەر کاڵکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوانیان و دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتو بەرامبەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".

گروپە جیاوازەکانی سەر بە حەشدی شەعبی رێککەوتون کە ناکۆکییەکانیان وەلابنێن


ئاماژە بەوەشکراوە، " گروپە جیاوازەکانی سەر بە حەشدی شەعبی رێککەوتون کە ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و پشتیوانی هادی عامری بکەن لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا".

سەرکردەی گروپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی پێنجشەممەی رابردو لە بەیروت کۆبونەتەوە

بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕە بریتانییە، "ئەو ریککەوتنەی نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کۆبونەوەیەکدا هاتوە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە بەیروت بەڕێوەچوە، دوای ئەوەی ئێران داوای لە حەسەن نەسروڵا کردوە سەرپەرشتی رێکخستنەوەی گروپە چەکدارییەکان لە عێراقدا بکات".

ئەوەش هاتوە، "لەو کۆبونەوەیەدا سەرکردەکانی عصائب أهل الحق، سيد الشهداء، حزب الله، جند الإمام و الإمام علي بەشداری کۆبونەوەکەی بەیروت بون و لەسەر کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان و دانبەخۆداگرتن دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانیان رێککەوتون".