وتەبێژی هەسەدە وەڵامی وەزیری دەرەوەی روسیا دەداتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامی وتەکانی وەزیری دەرەوەی روسیا دەداتەوە و رایگەیاندوە، ئەوان لەسەر پرسی چەکدارانی داعش جگە لە روسیا لە گەڵ هەمو وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەر هێڵن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا دوێنێ هەینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هەندێك هەواڵ هەیە گوایە هەسەدە تیرۆریستان بەرامبەر پارەیەكی دیاریكراو ئازاددەكات".

ئەو راپۆرتانەی گەیشتونەتە بەر دەستی لاڤرۆڤ پشتڕاست نەکراونەتەوە، پەیوەندییەکانمان، جگە لە روسیا، لەگەڵ هەمو دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە

 

کینۆ گابریەل، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وڵامی ئەو لێدوانەی لاڤرۆڤی دایەوە و رایگەیاند، "وەک هەسەدە رایدەگەیەنین ئەو راپۆرتانەی گەیشتونەتە بەر دەستی لاڤرۆڤ پشتڕاست نەکراونەتەوە، پەیوەندییەکانمان، جگە لە روسیا، لەگەڵ هەمو دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە، ئێمە بیروڕا و زانیارییەکانیان لەگەڵ تاوتوێ دەکەین. زانیاریی هەمو گیراوانی داعشمان لەبەردەستدا هەیە".

باسی لەوەشکردوە، "لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانمان و مەترسییەکانی بۆ سەر ئەو گرتوخانانەی گیراوانی داعشی تێدایە، تورکیاش بەردەوامە لە پێشێلکاری و هێرشەکانیدان، تا ئێستا ئێمە ئەو ناوەند و گرتوخانانە دەپارێزین،.

بەڕێوەبەرایەی خۆسەر بەپێی یاسا تێپەڕێنراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، دادگایی دەکرێن و ئەو کەسانەش کە سزاکانیان تەواو دەکەن، ئازاد دەکرێن

 

وتەبێژی هەسەدە لەبارەی تاوانبارە سورییەکانەوە رونیکردەوە، "بەڕێوەبەرایەی خۆسەر بەپێی یاسا تێپەڕێنراوەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، دادگایی دەکرێن و ئەو کەسانەش کە سزاکانیان تەواو دەکەن، ئازاد دەکرێن، دادگا هەرێمییەکان لەم بارەیەوە خاوەن بڕیاری خۆیانن".
ئەو وتانەی لاڤرۆڤ دورن لە ڕاستییەوە
دوێنێش مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هەژماری فەرمی خۆی و لە تویتێكدا وەڵامی ئەو وتانەی دایەوە و رایگەیاند، "ئەو وتانەی لاڤرۆڤ دورن لە ڕاستییەوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "رۆژانە رێكخستن و هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی ئێمە و لایەنە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە لەنێویشیاندا هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و روسیا هەن و ئەو هەماهەنگییەش بە مەبەستی دیاریكردنی دەستگیركراوانی رێكخراوی تێرۆریستی داعشە".