رێبوار ھادی: یاسا رێگر نییە متمانە بە حكوومەتی ئێستای عێراق بدرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی متمانەدان بە حكوومەتی ئێستای عێراق، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، لە ڕووی یاساییەوە ھیچ گرفتێك نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە عادل عەبدولمەھدی ببێتەوە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق.

رێبوار ھادی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رووی یاساییەوە ھیچ كێشەیەك نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە متمانە بە حكوومەتی ئێستای عێراق بدرێتەوە، چونكە بە گوێرەی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق، ئەگەر سەرۆككۆمار پێشنیاز بكات و لەلایەن كۆتلە گەورەكانی نێو پەرلەمانەوە پشتگیری بكرێت، ئاساییە دووبارە متمانە بە حكوومەتی ئێستای عێراق بدرێتەوە".

سەرۆكی لیژنەی یاسایی گوتیشی: "بەدەر لەلایەنی یاسایی، من بە دووری دەزانم متمانە بە حكوومەت و سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەھدی بدرێتەوە، چونكە رەوشی عێراق و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان، ئاستەنگن لە بەردەم یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا".

ھادی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تا ئێستا ھیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری نەكراوە، بەڵام ناچار ھەر دەبێ سەرۆكوەزیرانێكی دیكە بۆ عێراق دیاری بكرێت، سەرەڕای ئاستەنگەكانیش، ھەوڵەكان بۆ پێكھێنانی كابینەیەكی نوێی حكوومەت بەردەوامن".

 

قائید میرۆ