ئەردۆگان: رێگەی بەرەو ئاشتی لیبیا لە تورکیاوە تێپەڕدەبێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-            

سەرۆک کۆماری تورکیا، رێگەی بەرەو ئاشتی لیبیا لە وڵاتەکەیەوە تێپەڕدەبێت، هۆشداریش دەدات، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا حکومەتی ویفاقی لیبیا بڕوخێنن، بەرەنگاری هەڕەشەی نوێ دەبنەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی پۆڵیتیکۆ-ی تورکی رایگەیاند، "ئەگەر تورکیا واز لە لیبیا بهێنێت کە لە ژێر بەزەیی جەنگایە، هەڵەیەکی مێژویی دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "تورکیا مەشق بە هێزەکانی ئاسایشی لیبیا دەکات، بۆ ئەوەی پشکی هەبێت لە شەڕی دژە تیرۆر و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە لیبیا".

ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا حکومەتی ویفاقی لیبیا بڕوخێنن کە کۆمەڵگای نێودەوڵتی دانی پێداناوە، بەرەنگاری هەڕەشەی نوێ دەبنەوە

 

ئەردۆگان هۆشداریشیدا بە وڵاتانی ئەوروپا و وتی، "ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا حکومەتی ویفاقی لیبیا بڕوخێنن کە کۆمەڵگای نێودەوڵتی دانی پێداناوە، بەرەنگاری هەڕەشەی نوێ دەبنەوە".
پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ بۆ سەلماندنی خۆیان بدەن، لەبەرئەوەی تا ئێستا نەیانتوانیوە، خۆیان وەک یاریکەرێکی گرنگی گۆڕەپانی جیهان بناسێنن

 

سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لەوەشکرد، "پێویستە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ بۆ سەلماندنی خۆیان بدەن، لەبەرئەوەی تا ئێستا نەیانتوانیوە، خۆیان وەک یاریکەرێکی گرنگی گۆڕەپانی جیهان بناسێنن".

14ی ئەم مانگە، حکومەتی ئەڵمانیا ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی لەبەرلینی پایتەختی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی لیبیا راگەیاند و هەریەک لە فایز سەراجی، سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی و خەلیفە حەفتەر، سەرکردەی سوپای نیشتیمانی ئەو وڵاتەی بۆ ئامادەبون لەکۆنگرەی تایبەت بەتاوتوێکردنی پرسی لیبیا بانگهێشتکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەو وڵاتە پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو بڕیارەی داوە و بڕیاروایە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەو کۆنگرەیەدا ئامادەبن.

کۆنگرەکە 19-ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت و نوێنەرایەتی وڵاتان لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دەبێت بە بەشداری هەریەک لەئەمریکا، روسیا، چین، بریتانیا، ئیتالیا فرەنسا، تورکیا، میسر، جەزائیر، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو و کۆماری کۆنگۆ و نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.