"ئەگەری زۆرە لەم ھەفتەیەدا پرۆژە یاسای بودجە بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق"

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند،پێدەچێت لەم ھەفتەیەدا پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق بگاتە پەرلەمان و بەرنامەی گفتوگۆکردن لەسەری دەستپێبکات.

 

شێروان میرزا، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێش دەستلەکارکێشانەوەی، ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ ی عێراق دەربڕیوە و بەپێی زانیارییەکانمان پێدەچێت لەو ھەفتەیەدا ڕەوانە بکرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی بەرنامەی گفتوگۆکردن و پەسندکردنی بڕگەکانی دابندرێت".

 

گوتیشی: "لەو پڕۆژە یاسایەدا بەشی کورد دیاریکراوە بەڵام بەھۆی ئەوەی نەگەیشتووەتە دەستمان، وردەکاری بەشی کورد لە پڕۆژە یاساکە بە وردی نازانین بەڵام بەپێی ڕێککەوتنی ھەرێم و بەغدا جێی دڵخۆشییە".