هەنگاوە ستراتیژییەکانی تورکیا لەناوچەکە و نهێنییەکانی پشتگیریکردنی لە حکومەتی لیبیا

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

تورکیا تاکە وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە سەرسەختانە بەرگری لەحکومەتی دانپیانراوی لیبیا دەکات بەرادەیەک کە پەرلەمانی وڵاتەکەی بڕیاری ناردنی هێزی پەیەسندکردوە و رەجەب تەیب ئەردۆگانیش بەردەوام هەڕەشە لەهێزەکانی خەلیفە حەفتەری دەکات و بەڵێنی پاراستنی حکومەتەکەی سەراج دوپاتدەکاتەوە، ئەمەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک پلانی سیاسی و ستراتیژییەوە هەیە کە تورکیا بەنیازە بۆ پاراستنی هەژمونی خۆی لەناوچەکە بیاننێت. 

پلانە ستراتیژییەکانی تورکیا
رۆژی 16-ی مانگی رابردو، رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، تورکیا دەستدەکات بەگەڕان و پشکنینی گاز و سەرچاوە سروشتییەکان لەرۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، ئەوەش دوای رێککەوتنی مانگی نۆڤەمبەری رابردوی نێوان ئەنقەرە و حکومەتی تەرابلوس کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دان بەحکومەتەکەدا نراوە. 

لێرەوە ئاشکرایە کە حکومەتی تورکیا پلانی سیاسی و ستراتیژی لەناوچەکە هەیە و دەیەوێت سود لەپێگەی لاوازی حکومەتی لیبیا وەرگرێت بۆ واژۆکردنی چەند رێککەوتنێک کە سەرەنجام تێیدا ئامانجی گەورەی سیاسی و ستراتیژی بەدیدەهێنێت.

بەشی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لەماوەی دە ساڵی رابردودا یەکێکە لەو شوێنانەی کە زۆرترین چاوی لەسەرە بۆ بەرهەمهێنانی گاز و نەوت و هایدرۆ کاربۆنییەکان، کێڵەگەی گازی لێڤیاسان لەساڵی 2010 لەنزیک کەنارەکانی ئیسرائیل لەدەریای سپی ناوەڕاست دۆزرایەوە و ساڵی 2015-ش کێڵگەی زوهر لەکەنارەکانی میسر دۆزرایەوە، ئەوەش بوە هۆکارێک کە جیهان زیاتر گرنگی بەم ناوچەیە بدات. 

تورکیا بەنیازە بۆڕییەکی گاز بەناو دەریای سپی ناوەڕاستدا  دروستبکات و لەڕێگەیەوە گازی سروشتی بگەیەنێتە بازاڕەکانی ئەوروپا، رۆژی پێنج شەممەی رابردوش، ئەردۆگان رایگەیاند، لەئێستا بەدواوە هەر چالاکییەکی گەڕان و پشکنین بەدوای گازی سروشتی، بەبێ رەزامەندی هەریەک لە تورکیا و لیبیا، پەسەندناکرێت و رەتدەکرێتەوە،  بەڵام هەنگاوەکانی ئەردۆگان لەلایەن هەریەک لە یۆنان و قوبروس و ئیسرائیلەوە دژایەتی دەکرێن و بەمەترسی بۆ ناوچەکەی دەزانن.

ئامانجەکانی ئەردۆگان لەپشتی رێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی لیبیا
ئەردۆگان چەند ئامانجێکی هەیە لەم هەنگاوانەی کە دەیاننێت، لەوانە: یەکەم/رێگری لەهەر هەماهەنگی و رێککەوتنێک دەکات لەنێوان یۆنان و قوبروس و ئیسرائیلدا کە بیانەوێت لەدەریای سپی ناوەڕاستدا دژایەتی تورکیای پێبکەن دووەم/ زیادکردنی فشار لەسەر حکومەتی قوبروس و لوبنان، سێیەم/ بۆ رێگریکردن لەهەر هەوڵێکی تر بۆ گەڕان و پشتکنینی گاز و نەوت لەناو دەریای سپی ناوەڕاست، چوارەم/ بۆ گێڕانەوەی قەرزێکی چەند ملیار دۆلاری تورکیا کە لای حکومەتی تەرابلوسە کە قەرزی کۆمپیانیاکانە و پاش روخانی حکومەتی قەزافی کەڵەکە بون.

بۆچی تورکیا دەیەوێت دەستی بەو سەرچاوە سروشتییانە بگات؟
دکتۆر تۆماس دۆنێڵ، راوێژکار و شیکەرەوەی سیاسی لە سیستمی وزەی جیهانی لەبارەی نهێنی هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەشتن بەسەرچاوە هایدرۆکاربۆنییەکان لەدەریای سپی ناوەڕاست رونکردنەوەی داوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە تورکیا ترسی لەوە هەیە بکەوێتە دۆخێکەوە زۆر پشت بە سەرچاوەی وزەی روسیا و ئێران ببەستێت لەڕێگای بۆڕی تورک ستریمەوە.

لەوەشدا هاوڕایە کە تورکیا دەیەوێت تواناکانی هەریەک قوبروس و ئیسرائیل و میسر بلۆک بکات بۆ فرۆشتنی گازی سروشتی و گەیاندنی بەبازاڕەکانی جیهان.

لەبەرامبەردا، یانیس کۆتسمۆتیس، شیکەرەوەی سیاسی و ئابوری بەلجیکی، پێیوایە تورکیا ناتوانێت گازی سروشتی دەریای سپی ناوەڕاست بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان و ئەو ناوچەیە بکاتە  وێستگەیەکی جیهانی، بەڵکو ئەوەی دە دەتوانێت بیکات، تەنها هێنانی ئەو گازەیە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

ئەو پسپۆڕە بەلجیکییە، وەک پاساوێک بۆ قسەکانی دەڵێت، " هەریەک لە میسر و یۆنان و فرەنسا و ئیتالیا دژی ئەو هەنگاوەی تورکیان کە پرسیاری زۆری لەسەرە.

کۆنگرەی بەرلین و چارەنوسی رێککەوتنەکەی تورکیا 
 رۆژی سێشەممەی رابردو، حکومەتی ئەڵمانیا ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی لەبەرلینی پایتەختی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی لیبیا راگەیاند و هەریەک لە فایز سەراجی سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی و خەلیفە حەفتەری سەرکردەی سوپای نیشتیمانی ئەو وڵاتەی بۆ ئامادەبون لەکۆنگرەی تایبەت بەتاوتوێکردنی پرسی لیبیا بانگێشتکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، ئەنجێلا مێرکلی راوێژکاری ئەو وڵاتە پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو بڕیارەی داوە و بڕیاروایە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەو کۆنگرەیەدا ئامادەبن.
راوێژکاری ئەڵمانیا جەختیکردۆتەوە ئامانج لەو کۆنگرەیە تەنها بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەییە لەنێوان لایەنەکانی لیبیادا، شیکەرەوە سیاسییەکانیش پێیانوایە، هەر رێککەوتنێک بەبێ دەستبردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرچاوە سروشتییەکانی ئە وڵاتە و ئەو رێککەوتنانەی کە بەناچاری لەگەڵ تورکیا ئەنجامیداون، دواجار لیبیا بەرەو کەنای جەنگێکی تر دەبات. 

پێدەچێت پاش رێککەوتنی حەفتەر و سەراج, پرسی رێککەوتنە ئابوری و ستراتیژییەکانی حکومەتی لیبیا بەشێک بێت لەخاڵە ناکۆکەکانی نێوان حەفتەر و سەراج و لەنێوانیشیاندا رێککەوتنی تورکیا و حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی یەکێک دەبێت لەو کارتانەی کە حەفتەر دەستی بۆدەبات لەدژی حکومەتی تورکیا.

هاوکات، حکومەتی تورکیا بەبەشداریکردنی لەو کۆنگرەیە دەیەوێت کارێک بکات دەسەڵاتەکانی ئێستای سەراج و متانەی حکومەت بەجۆرێک بەردەوامبێت کە گەرەنتی پاراستنی رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی لیبیا بکات.

کۆنگرەکە رۆژی 19-ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت و نوێنەرایەتی وڵاتان لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی دەبێت بەبەشداری هەریەک لەئەمریکا، روسیا، چین، بریتانیا، ئیتالیا فرەنسا، تورکیا، میسر، جەزائیر، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتو و کۆماری کۆنگۆ و نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

لەدواین لێدوانیشدا، خەلیفە حەفتەر فەرماندەی هێزەکانی نیشتیمانی لیبیا کەئێستا لەشەڕدایە لەگەڵ حکومەت ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەست و دەستکردن بە گفتوگۆ راگەیاندوە.